چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینی گەرموگوڕیی بە خۆپیشاندانەكانی ئێران بەخشی

26-10-2022 07:24

پەرەگراف

سەرەڕای هەوڵی ڕێگری و ڕێكاری ئەمنیی توند، چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینی بە بەشداریی هەزاران كەس لەسەر گۆڕەكەی لە شاری سەقز بەڕێوە چوو. هاوكات مانگرتن و داخستنی بازاڕەكان و خۆپیشاندان لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەنجام درا.

بەیانیی ئەمڕۆ هەزاران كەس بە ئۆتۆمبێل و ڕێپێوان چوونە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز، بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و چەندین دروشمی دیكە، بەشدارییان لە چلەی ماتەمینیی ژینادا كرد.

هاوكات لەگەڵ چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینی، مانگرتن و داخستنی بازاڕەكان لە شارە و شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە "سنە، سەقز، مەریوان، مهاباد، بۆكان، دیواندەرە، كامێران، ڕوانسەر و جوانڕۆ" بەڕێوە چوو.

لە شارەكانی دیكەی ئێرانیش مانگرتن و داخستنی بازاڕەكان بەڕێوە چوو، بە تایبەت لە چەند شوێنێكی تارانی پایتەخت، شیراز، كرمان و ئەسفەهان.

پاش گەڕانەوە لە چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینی، خەڵكی شاری سەقز چوونە بەردەم بینای فەرمانداریی شارەكە و خۆپیشاندانیان دەست پێ‌ كرد، دواتر خۆپیشاندان لە شارەكانی سنە، بۆكان و مهابادیش سەری هەڵدا.

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ڕووی دا، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكار هێنا.

هاوكات خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان و خوێندكاران لە چلهەمین ڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە چەنیدن شاری دیكەی ئێران لەوانە تاران، هەمەدان، ئەسفەهان، قەزوین، كرمان، مەشهەد، تەبرێز، كەرەج و شیراز بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، لە زۆرینەی ئەو شارانەی كە خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت، پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بووە، بە تایبەت لە چەند ناوچەیەكی تارانی پایتەخت.

ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ئەمساڵ، پۆلیسی ئیرشاد (ئەخلاق)ی تاران بە پاساوی "پابەندنەبوون بە یاساكانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژنا (مەهسا) ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر كرد، كە لەگەڵ برایەكی لە شاری سەقزەوە چووبوونە تاران.

ژینا ئەمینی دوای دەستگیركردنی ڕەوشی تەندروستیی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواجاریش ڕۆژی ١٦ی ئەیلوول بەهۆی سەختیی نەخۆشییەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

ژینا ئەمینی ڕۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاك سپێردرا و دوای ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەش خۆپیشاندان دروست بوو، كە لە ماوەیەكی كەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە.

كەسوكاری ژینا ئەمینی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران، جەخت لەوە دەكەنەوە كە ژینا بەهۆی ئەشكەنجە و لێدان لە سەری تووشی خوێنەبەربوون لە مێشكیدا بووە و دواتر بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی، بەڵام حكومەتی ئێران ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكانی ئێران كە تا ئێستا "105" شاری گرتووەتەوە، بەلای كەمەوە "176" كەس گیانیان لەدەست داوە.