زیاتر لە 15 هەزار كەس لە ئیتاڵیا بە كۆرۆنا مردوون؛ ئەمریكاش ڕیكۆردێكی نوێی تۆمار كرد

04-04-2020 09:47


پەرەگراف

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا سەدان كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و هەزاران حاڵەتی نوێی توشبوون تۆماركراون.

ئەمریكا پێشەنگی زۆریی ژمارەی توشبووانی لە جیهاندا گرتووە، هاوكات ژمارەیەكی نوێی پێوانەیی لە مردن بە ڤایرۆسەكە تۆمار كرد، دوای ئەوەی هەزارو 423 كەس تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا گیانیان لەدەستدا كە 630 كەسیان لە نیویۆرك بووە، ئەوەش بەرزترین ژمارەی مردنە تائێستا لە ماوەی یەك ڕۆژدا تۆمار كرابێت لە سەرتاسەری جیهان، ئێستا كۆی مردووان لە ئەمریكا بەرزبووەتەوە بۆ 8 هەزارو 141 كەس.

هەرلە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ئەمریكا، 31 هەزارو 782 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوەو كۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 300 هەزارو 148 كەس.

دوای ئەمریكا، ڤایرۆسەكە زۆرترین زیانی مرۆیی بە ئیتاڵیا گەیاندووەو ئەو وڵاتە لە ڕیزبەندیی یەكەمدایە لە زۆریی مردن بە كۆرۆنا، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 681 كەسی دیكە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە مردوون، بەوەش ژمارەی مردووان بۆ 15 هەزار و 362 كەس بەرزبووەوە.

ئیتاڵیا لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 2 هەزارو 886 حاڵەتی نوێی تووشبوونی تۆمار كردووە، كۆی گشتیی تووشبووان گەیشتە 124 هەزارو 632 حاڵەت.

ئیسپانیا دوای ئەمریكا زۆرترین تووشبووی هەیەو دووەم وڵاتی دونیایە، لە ژمارەی مردنیش لە دوای ئیتاڵیادێت‌و بەهەمانشێوە هەر پلەی دووەمی هەیە لە دونیادا.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 7 هەزارو 26 كەسی دیكە لە ئیسپانیا تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش كۆی گشتیی تووشبووان گەیشتە 124 هەزارو 736 كەس.

هاوكات 809 حاڵەتی نوێی مردن تۆمار كراوەو كۆی ئەوانەی لە ئیسپانیا بە ڤایرۆسەكە مردوون گەیشتە 11 هەزارو 744 كەس.

ئەڵمانیاش لەناو ئەو وڵاتانەدایە كە كۆرۆنا پەرێشانی كردووەو 92 هەزارو 150 حاڵەتی تووشبوونی هەیەو هەزارو 330 كەسی بەو ڤایرۆسە مردوون.

لە دوای ئەوانیش فەڕەنسا دێت كە 82 هەزارو 165 تووشبووی هەیەو 6 هەزارو 507 كەسی بە ڤایرۆسەكە مردوون.