نەوەی نوێ: داوامان لە کازم فاروق کردووە مووچەی پەرلەمانتاریی کە وەریدەگرێت و دەوام ناکات بیگەڕێنێتەوە بۆ بودجەی گشتی

26-10-2022 08:10

پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕوونکردنەوەی لەبارەی دۆسیەی کازم فاروق بڵاوکردەوەو دەڵێت، ھەرچییەکی پێویستە ئامادەن بۆی جێبەجێ بکەن، داوای لێ دەکەن کە ماوەی ساڵێک و ٧ مانگە دەوام ناکات لە پەرلەمان، بەڵام مووچە وەردەگرێت بۆ ناو و مێژووی خۆی باشتروایە ئەو پارەیە بگێرێتەوە بۆ بودجەی گشتیی.

"ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خودی پەرلەمانتارەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، ماوەی یەک ساڵە ئەحواڵی دەپرسین و دەمانەوێت سەردانی بکەین، بەڵام بەرێزیان بە هیچ شێویەک ئەدرەس و شوينی خۆی بە هیچ کەسێک ناڵێت و دەیانجار وتومانە چیت پێویستە لە سەرۆکی جوڵانەوەکە تا بۆت جێبەجێ بکەین، بەڵام بە هەمانشێوە هیچ وەڵامی نەبووە" ھیمداد شاھین وتەبێژی نەوەی نوێ وادەڵێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وتەبێژی نەوەی نوێ بۆ ڕای گشتیی دەربارەی کازم فاروق

چەند رۆژێکە لە هەندێک پەیجی سەر بە دەسەڵات کۆمەڵێک بابەت بڵاودەکرێتەوە بە پێویستمان زانی چەند خاڵێک بۆ هاوڵاتیان ڕوونبکەینەوە:

١- ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خودی پەرلەمانتارەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، ماوەی یەک ساڵە ئەحواڵی دەپرسین ودەمانەوێت سەردانی بکەین، بەڵام بەرێزیان بە هیچ شێویەک ئەدرەس و شوينی خۆی بە هیچ کەسێک ناڵێت و دەیانجار وتومانە چیت پێویستەلە سەرۆکی جوڵانەوەکە تا بۆت جێبەجێ بکەین، بەڵام بە هەمانشێوە هیچ وەڵامی نەبووە.

٢- ئێستا لامان سەیرە لە میدیاکانی پارتیی و یەکێتیی و سێبەرەکانیان هەواڵی بەڕێزیان دەبیستین و دەیان دیعایە و هەواڵ دەبیستین، لەکاتێکدا دەبوو بەڕێزیان بە ئێمەیان بوتایە و وەڵامی نامە و سەرنجەکانی ئێمەیان بدایەتەوە.

٣- لە رێکەوتی ١٧ ی ١ ی ٢٠٢١ بە نوسراوی فەرمیی و لە میدیاکانیشەوە بڵاومان کردەوە کە بەڕێزیان مووچەی پەرلەمانتاری وەرناگرن، چونکە دەوام ناکات، لەبری ئەوە بە بەرێز کازم فاروقمان ڕاگەیاندووە کە هەرچی پێویستە، تەنانەت لە خودی مووچەکەی زیاتریشی دەدەینێ بەس ئەو موچەیە وەرنەگرێت، چونکە ئەو بەڕێزە دەوام ناکات و دەبێتە عەیبەیەکی گەورە بۆ جوڵانەوەکە و بۆ خۆیشی.

٤- لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام تەئکیدمان کردۆتەوە لەم بابەتە و دوایینجار چوار رۆژ پێش ئێستا و لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١٠/٢٢ئاگاداری بەرێزیمان کردۆتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک مووچە وەربگرێت و دەبێت ئەو پارەیەی ساڵ و ٧ مانگی رابردوو کە وەریگرتووە ودەوامی نەکردووە، بیگێریتەوە بۆ بودجەی گشتیی، لە بەرامبەردا هەرچی پێویستە ئێمە دەیدەینێ و هاوکاریی دەکەین.

٥- بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە هەواڵی مەترسی لەسەر گیانی و دانهەڵوەرین و ئەو قسانەی کە میدیاکانی پارتیی و یەکێتیی بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە راستییەوە و دڵنیابن مانگەکانی داهاتو و ساڵانی داهاتوو ئەم قسەیەی ئێمە دەسەلمينێت لە کاتی خۆیدا.

٦- بە هەموو لایەکی رادەگەێنین کە کازم فاروق خۆی بە فەرمی ئیستیقالەی کردووە و هیچ پەیوەندیی و لینکێکی نەماوە لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا. بەرێزیان نە پەرلەمانتارە و نە هیچ ئەندامێتییەکی ماوە لە نەوەی نوێدا. بەڵام سەرباری ئەوەش چەندین جارە داوامان لێکردوە وئێستاش داوای لێ دەکەین کە ماوەی ساڵێک و ٧ مانگە دەوام ناکات لە پەرلەمان بەڵام مووچە وەردەگرێت، بۆیە بۆ ناو و مێژووی خۆیباشتروایە ئەو پارەیە بگێرێتەوە بۆ بوجەی گشتیی. ئەوە ئەسڵی بابەتەکە و قەزیە و مەبدەئە گرنگەکەیە لای نەوەی نوێ، خزمەتی خەڵک و چارەسەری کێشەی خەڵک، نەک درووستکردنی قەزیەی لاوەکی  بۆ خەڵک. نەک هەموو جار کە باسی گێرانەوەی موچە و وەرنەگرتنی موچەمان کرد، راستەوخۆ لە پەیجەکانی دەسەڵاتەوە بابەتی نەخۆشکەوتن ببیستین.

هیمداد شاهین

وتەبێژی فەرمیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ