بەغداد چوار گرێبەستی نەوت و گازی حكومەتی هەرێمی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان هەڵوەشاندەوە

26-10-2022 10:32

پەرەگراف

دادگای كەرخ لە بەغداد چوار گرێبەستی دیكەی نەوت و گازی حكومەتی هەرێمی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان هەڵوەشاندەوە، بەڵام بڕیارەكانی دادگا بێكاریگەرن لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، یەكشەممەی ڕابردوو دادگای كەرخ بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی، دانەگاز، ئەداكس، شاماران و گەڵف كیستۆن كە لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیان بووە بۆ كاركردن لە كەرتی نەوت و گازی كوردستان.

بڕیارەكەی دادگا لە درێژەی گوشارەكانی حكومەتی عێراقە بۆ سەر كەرتی نەوت و گازی هەرێم، پێشتریش دادگاكە ژمارەیەك گرێبەستی دیكەی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێمی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ئەوە كاریگەریی لەسەر كاری كۆمپانیاكان نەبووە، بەوپێیەی دادگاكە و حكومەتی ناوەندی دەسەڵاتیان بەسەر كێڵگە نەوتی و گازییەكانی هەرێمدا نییە.

پێشتر لە ڕۆژی 20-9-2022، كۆمپانیای سۆمۆ جارێكی دیكە جەختی لە سووربوونی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم كردەوە و ڕایگەیاند كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی ئاگادار كردووەتەوە نەوت هەرێمی كوردستان نەكڕن.

عەلا یاسیری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە ئاژانسی عەهد نیووزی وتبوو، ڕێوشوێنی بەبازاڕكردنیان دژی نەوتی هەرێمی كوردستان گرتووە بەر و سەرجەم كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیان ئاگادار كردووەتەوە كە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان نەكڕن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوە كردبوو كە "بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نییە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان گوێ بە فشار و هەڕەشەكانی بەغداد نادەن و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنانی نوێ لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی 12-9-2022، ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بڵاوی كردەوە، سەرەڕای هەڕەشە یاساییەكانی حكومەتی عێراق، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان پارەی زیاتر دەخەنە كێڵگە نەوتییەكانی كوردستانەوە بە ئامانجی وەبەرهێنانی دوورمەوداو پێشبینیی زیادبوونی بەرهەمهێنان دەكەن.

هەڵوێستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە كاتێكدایە، دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا، عێراق زنجیرەیەك ڕێوشوێنی لە دژی نەوتی هەرێم گرتەبەر، لەوانەش هەڕەشەكردن لەو كۆمپانیا جیهانییانەی نەوتی هەرێم دەكڕن و هۆشداریدان بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نەكەن، ئەوانەی پابەند نەبوون خراونەتە لیستی ڕەشەوە.