وەڵامی حکومەت بۆ بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی: هەرنیگەرانییەک هەبێت پێویستە لە ئەنجومەنی وەزیران باس بکرێت

27-10-2022 02:59

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم لە وەڵامی نیگەرانیی و بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەر نیگەرانییەک هەبێت پێویستە لەناو ئەنجومەنی وەزیران باس بکرێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران، وتی "هەر نیگەرانییەک هەبێت لە هەرلایەکەوە پێویستە لەناو ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە".

وتەبێژی حکومەت وتیشی "بە شیاوی نازانین نیگەرانییەکان لە ڕاگەیاندنەوە باس بکرێن و ئەرکی حکومەت فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ بازاڕو هاوڵاتیان".

لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەشێک لە وەزیرەكانی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەکرد، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانیان لە پارتی و سەرۆکی حکومەت.

ئەو وەزیرانەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد بریتی بوون لە؛ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ئارام حەمەی مینا وەزیری خوێندنی باڵاو خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد. بەڵام ھەریەکە لە دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پشکی یەکێتی، بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی.

نیگەرانییەکانی یەکێتی لە پارتی چین؟ لەم ڕاپۆرتەی پەرەگراف زانیاریی ورد بخوێنەرەوە