کارنامەی کابینەکەی سوودانی: لە یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێن

27-10-2022 04:36

پەرەگراف

کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی گەیشتە دەستی پەرلەمانتاران و بەپێی کارنامەکە دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێن.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کارنامەو وەزیرەکانی کابینەکەی سوودانی کۆببێتەوە.

دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغداد لەبارەی کارنامەکەوە بە پەرەگرافی وت، ئەوان پشتیوانیی کارنامەکە دەکەن، "چەند خاڵێک تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و ئێمە پشتیوانیی جێبەجێ کردنیان دەکەین و بە گرنگیان دەزانین بۆ خزمەتی خەڵک".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی پێیوایە، گرنگترین خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی سوودانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەمانەن:  

  1. لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی حکومەتدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، هاوکات دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان هەردوولا بە ئامانجی زیان نەگەیاندن بە ئابوری نیشتمانی پەنابردن بۆ دەستور بۆ چارەسەری کێشەکان.
  2. کەرکوک هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدابکرێت کە پێویستە هەڵبژاردنە لە یەکەم ساڵی تەمەنی کابینەکە ئەنجام بدرێت.
  3. هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بکرێت بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان بۆسەر حکومەتی ناوەندیی و گواستنەوەی سەرجەم میلاکاتیان بۆ سەر ناوەند.
  4. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ٣ مانگدا هەموار بکرێتەوەو لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت.
  5. هەمواری یاسای دەزگای شەهیدان بکرێت و خێزانی شەهیدانی پێشمەرگە کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمن سوودمەندبن لە ماف و ئیمتیازاتەکانی دەزگاکە.
  6. یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا دەربکرێن.