کابینەی محەمەد شیاع سوودانی متمانەی پەرلەمانی بەدەستھێنا

27-10-2022 10:48
سوودانی و وەزیرکانی کابینەکەی سوێندی دەستورییان خوارد لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان.

پەرەگراف 

کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستھێناو تێیدا ھەریەکە لە فوئاد حسێن بە وەزیری دەرەوە لە پشکی پارتی و خالید شوانی بە وەزیری داد لە پشکی یەکێتی ھەڵبژێردران.

لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی کارنامەی کابینەکەی خوێندەوەو پاشان وەزیرەکان دەنگیان لەسەر دراو ٢١ وەزیری کابینەکەی متمانەیان پێدرا، دوو وەزارەتی دیکە کە پشکی کوردن پڕکردنەوەیان خراوەتە کاتێکی دیکە کە وەزارەتی ژینگە لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنە ئەوەش بەھۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، پارتی داوای ھەردووکیان و یەکێتیش داوای یەکێکیان دەکات.

پاش ھەڵبژاردنیان، سوودانی و وەزیرەکانی کابینەکەی سوێندی دەستورییان خواردو پەرلەمان کۆتایی بە کۆبوونەوەکەی ھێنا.

بەپێی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێن.

دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغداد لەبارەی کارنامەکەوە بە پەرەگرافی وت، ئەوان پشتیوانیی کارنامەکە دەکەن، "چەند خاڵێک تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و ئێمە پشتیوانیی جێبەجێ کردنیان دەکەین و بە گرنگیان دەزانین بۆ خزمەتی خەڵک".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی پێیوایە، گرنگترین خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی سوودانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەمانەن:  

  1. لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی حکومەتدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، هاوکات دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان هەردوولا بە ئامانجی زیان نەگەیاندن بە ئابوری نیشتمانی پەنابردن بۆ دەستور بۆ چارەسەری کێشەکان.
  2. کەرکوک هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدابکرێت کە پێویستە هەڵبژاردنە لە یەکەم ساڵی تەمەنی کابینەکە ئەنجام بدرێت.
  3. هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بکرێت بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان بۆسەر حکومەتی ناوەندیی و گواستنەوەی سەرجەم میلاکاتیان بۆ سەر ناوەند.
  4. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ٣ مانگدا هەموار بکرێتەوەو لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت.
  5. هەمواری یاسای دەزگای شەهیدان بکرێت و خێزانی شەهیدانی پێشمەرگە کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمن سوودمەندبن لە ماف و ئیمتیازاتەکانی دەزگاکە.
  6. یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا دەربکرێن.