هێزەكانی ئێران بە دەستڕێژی گوللـە گەنجێكی شارباژێڕ دەكوژن

29-10-2022 12:14

پەرەگراف

هێزەكانی ئێران دەستڕێژی گوللـە لە ژمارەیەك هاووڵاتیی خەڵكی شارباژێڕ دەكەن، بەهۆیەوە گەنجێك گیانی لەدەست داوە و سێ‌ كەسی دیكە بریندار بوون.

شاهۆ عوسمان، قائیمقامی شارباژێڕ، بە پەرەگرافی وت "نزیكەی 25 كەسی دانیشتووی گوندی (مەروێ‌) ویستوویانە بۆ بەشداری لە پرسەیەك بچنە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە چوونەتە ناو گوندی چۆمان لەناو خاكی ئێران، لە پایەگایەكی ئێرانەوە تەقەیان لێ‌ كراوە".

قائیمقامی شارباژێڕ وتیشی "هەرچەندە دەڵێن خزمەكانیان لە دیوی ئێرانەوە پرسیان كردووە بۆ ڕۆیشتنی ئەو كەسانە و وتوویانە كێشە نابێت، بەڵام كە چوونەتە ناو خاكی ئێرانەوە تەقەیان لێ‌ كراوە".

ئەو گەنجەی كوژراوە، ناوی داستان ڕەسووڵە و خێزاندارە و باوكی دوو منداڵە. هاوكات سێ‌ كەسی دیكەش بریندار بوون كە یەكێكیان باوكی گەنجە كوژراوەكەیە و شاهۆ عوسمان دەڵێت "باری تەندروستیی ناجێگیرە".

وەكوو قائیمقامی شارباژێڕ ئاماژەی پێ‌ كرد، لەو سنوورەی كە ئەو هاووڵاتییانە بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پەڕیونەتەوە، هیچ مەرزێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا نییە.