ئەمشەویش ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر شەقام بوو؛ لە دوو ڕۆژدا 13 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە

29-10-2022 03:06

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران لە 41ـەمین ڕۆژیدا تا درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بوو. لە خۆپیشاندانەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشدا كە زیاتر لە 13 شار و شارۆچكەی گرتەوە، بەلای كەمەوە "13 كەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران گیانیان لەدەست داوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان كە چاودێریی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، ناسنامەی ئەو كەسانەیان ئاشكرا كردووە كە زۆرینەیان لە خۆپیشاندانەكانی هەردوو شاری سنە و مهاباد گیانیان لەدەست داوە.

ئەمشەو لە شارەكانی سەقز، بۆكان، مهاباد، مەریوان، ورمێ‌ و قەسری شیرینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و پێكدادانی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ڕووی دا.

هاوكات لە چەندین شاری دیكەی ئێران لەوانە تارانی پایتەخت، لوڕستان، زاهیدان و بابل خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام بوو، پێكدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خەڵك دروست بوو.

ئەمە لە كاتێكدایە پاش تێپەڕینی 40 ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانەكاندا، بەڕێوەچوونی مەراسیمی چلەی ماتەمینیی "شەهیدان"ی خۆپیشاندانەكان گەرموگوڕیی زیاتری بە ناڕەزایەتییەكان بەخشیوە، بەو هۆیەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادانی توند دروست بووە و 13 كەسیش گیانیان لەدەست داوە.

لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی چوارشەممە 26-10-2022 كە 13 شار و شارۆچكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە، بەلای كەمەوە شەش هاووڵاتیی دیكە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سنە، مهاباد و قەسری شیرین گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی پێنجشەممەیش لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی یەكێك لەو خۆپیشاندەرانەی كە ڕۆژی پێشتر گیانی لەدەست دابوو بە ناوی ئیسماعیل مەولوودی، ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە شاری مهاباد دەستی پێ‌ كردەوە، دواتر شارەكانی دیكەی گرتەوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "ڕۆژی پێنشەممە زیاتر لە ٢٠ هەزار كەس لە مهاباد ڕژانە سەر شەقامەكان، توانییان بۆ چەند كاتژمێرێك دەست بگرن بەسەر ئیدارەكانی دارایی، كۆمیتەی ئیمداد، شارەوانی و چەندین بانكدا. هەروەها كەلانتەری ١١ی ئەو شارە و بینای دەنگ و ڕەنگی كۆماری ئیسلامی لە گەمارۆی خەڵكدا بوون".

لە ڕۆژی پێنجشەممە 27-10-2022، هێزە چەكدارەكانی ئێران بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت مهاباد و بانە بوونەوە، لە ئەنجامدا حەوت هاووڵاتیی "بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكان" گیانیان لەدەست دا.