شاسوار عەبدولواحید: کازم فاروق و خێزانەکەی لە بەریتانیا دەژین و هەروەک براکەی جاران سەیری دەکەم

29-10-2022 08:24

پەرەگراف

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، د. کازم فاروق لە ١-٣-٢٠٢٢ چووە بۆ بەریتانیاو خۆی و خێزانەکەی لەوێ دەژین.

شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە "برای بەڕێز" ناوی کازم فاروقی هێناو باسی دۆخی تەندروستیی کردو وتی "هەموو ئەو قسانەی کە دەڵێن د. کازم چووە بۆ هیندستان بۆ (چاندنەوەی) جگەر، ڕۆژێک دەڵێن دانی پێوە نەماوە و ڕۆژێک دەڵێن قژی پێوە نەماوە، ڕۆژێک سورێنچک و ڕۆژێک سپڵ، ئەوانە هەمووی درۆ و دەلەسەی ڕاگەیاندنە".

"لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەوەی لەسەرمان بووە کردوومانەو ڕۆژانە هەواڵمان پرسیوە.. پێموتووە ماڵی خۆمت بۆ دەفرۆشم ئەوەی لەسەر بووە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کردوومەو لەمەودواش بۆی دەکەم و بۆ هەموو ئەوانەیشی کە لەگەڵمدان لەگەڵ نەوەی نوێش نەمێنن هەروا دەبم بۆیان" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وای وت، وتیشی، "ئێستاش بەس پێمبڵێت لە کوێیە لە ٢٤ کاتژمێردا دەگەمە لای".

شاسوار عەبدولواحید ڕەخنەی تووندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە دۆسیەی کازم فاروقیان بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لێی و بە "پەرلەمانتاری علووج و شاگردی دەسەڵات ناوی بردن کە بۆ خزمەتی دەسەڵات و لەبیربردنەوەی قەیرانەکان ویستویانە سەرنجی خەڵک بەلاڕێدا ببەن".

لەبارەی باسکردنی مووچە وەرنەگرتن لەلایەن کازم فاروقەوە، شاسوار عەبدولواحید وتی "ئەوە مەبدەئە لەلای ئێمەو نامانەوێت شتێک بکەین سبەینێ لەسەرمان بکەوێت".

"هەروەک براکەی جاران و کەسە خاوەن هەڵوێستەکەی سەیری دەکەم، پەیامم بۆ د. کازم هەیە کە چۆن پێشتر پێمدەوتیت لە پارتی و یەکێتی نزیک مەبەرەوەو ئێستاش هەمان شتی پێدەڵێم و هەر لەسەر هەمان مەوقیف بمێنەرەوەو قەت نەکەیت لەم دەسەڵاتە نزیک ببیتەوە" سەرۆکی نەوەی نوێ وای وت.