سۆران عومەر وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوەو دەڵێت: سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم

30-10-2022 02:35

پەرەگراف

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری وەڵامی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی دایەوەو وتی "لەسەر تۆمەتی سیخوڕی کە داویەتییە پاڵم سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەم".

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "تۆمەتەکانی بەهۆی ئەوەیە لەکاری پەرلەمانتاریمدا بەدواداچوونم بۆ قەرزەکان و کارە نایاساییەکانی لە پڕۆژەی چاڤی لاند کردووە کە بە نایاسایی پشکەکانی زیادکردووە لە یەک ملیۆن دینارەوە بۆ ١٠٥ ملیار دینار لە یەک ڕۆژدا".

سۆران عومەر تۆمەتی "سەربە دەسەڵات بوونی" ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید کرد، وتیشی "ساڵی ٢٠١٣ دەستی کردووە بەوەرگرتنی قەرز کە ٤٢ ملیار دینارەو ئیستا بووە بە ٨٢ ملیار دینار، شوقەکانی گوندی ئەڵمانی کردووە کە ئەمە فەزاحەتە ماڵی خەڵک بکەیت بە ڕەهن، دواتریش چاڤی لاندی کردووە بە ڕەهن، ئێستاش چاڤی لاندی فرۆشتووە بە ٤٢٤ ملیار دینار بەپێی ئەم گرێبەستەی کە یکەمجارە پیشانی میدیا دەدەم"، سۆران عومەر لە کۆنگرەکەیدا ژمارەیەک بەڵگەنامەی بەرزکردەوە بۆ میدیاکان.

لەبارەی دۆسیەی کازم فاروقەوە، سۆران عومەر وتی "ئێمە تۆمەتمان نەخستووەتەسەر کەس، داکۆکیمان لە د. کازم و هەر ئازادیخوازێکی دیکە کردووەو باجیشمان لەوپێناوەدا داوە".

وتەکانی ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ دوای ئەوەدێت، دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بێمنەتیی پیشاندا لەوەی قەرزاری حکومەت بێت و داوای خستنەڕووی بەڵگەی کرد، هاوکات ڕەخنەی تووندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە دۆسیەی کازم فاروقیان بەکارهێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لێی و بە "پەرلەمانتاری علووج و شاگردی دەسەڵات ناوی بردن کە بۆ خزمەتی دەسەڵات و لەبیربردنەوەی قەیرانەکان ویستویانە سەرنجی خەڵک بەلاڕێدا ببەن".

شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە "برای بەڕێز" ناوی کازم فاروقی هێناو باسی دۆخی تەندروستیی کردو وتی "لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەوەی لەسەرمان بووە کردوومانەو ڕۆژانە هەواڵمان پرسیوە.. پێموتووە ماڵی خۆمت بۆ دەفرۆشم ئەوەی لەسەر بووە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کردوومەو لەمەودواش بۆی دەکەم و بۆ هەموو ئەوانەیشی کە لەگەڵمدان لەگەڵ نەوەی نوێش نەمێنن هەروا دەبم بۆیان" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وای وت، وتیشی، "ئێستاش بەس پێمبڵێت لە کوێیە لە ٢٤ کاتژمێردا دەگەمە لای".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سۆران عومەر