وەزیرێکی گۆڕان: لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی کێشەی ئەمنیی و ئاشکراکردنی بکوژانی هاوکار جاف کرا

30-10-2022 04:09
سەردانی ئەمڕۆی شاندی پارتی بۆلای گۆڕان.

پەرەگراف

شاندی پارتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کردو وەزیرێکی بزووتنەوەکە ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی کێشەی ئەمنیی و ئاشکراکردنی بکوژانی هاوکار جاف کرا.

سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی پارتی لە درێژەی سەردانی ئەو حیزبەدایە بۆلای لایەنەکان دوای ئەوەی یەکێتی هەمان سەردانی حیزبەکانی کردو نیگەرانییەکانی خۆی پێگەیاندن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم لە پشکی گۆڕان، بە ڕۆژنامەنووسانی وت، پارتی و یەکێتی لە ڕوانگەی خۆیانەوە باسیان لە ڕووداوەکان کردووەو بەرگرییان لە بۆچوونەکانی خۆیان کردووە، "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی کێشەی ئەمنیی و ئاشکراکردنی بکوژانی هاوکار جاف کرا".

ئەو وەزیرەی گۆڕان باسی لەوەشکرد، بەلای بزووتنەوەکەیانەوە گرنگە کێشەکان کاریگەرییان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبێت و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنرێت، "تا ئێستا بە فیعلی حکومەتێکی یەکگرتوومان نییە و لەڕووی ئیدارە و داراییەوە دوو ئیدارەین، تاوەکو ئیدارە و داهات و داراییەکی هاوبەشمان نەبێ، هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، چونکە ئێمە هێز، پارە و سنووری جوگرافیشمان دابەشە لەبەرئەوە مەترسییەکان جددین".

ئەوسەردانانەی شاندی پارتی لەکاتێکدایە، ٢٦ی ئەم مانگە لە پێشهاتێکی نوێدا قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی.

ھەر هەمان ڕۆژ شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانێکی بۆلای حیزبەکان دەستپێکردو لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبووەوە تا نیگەرانییەکانیان لە پارتی بگەیەننە هەموو لایەک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکانی یەکێتی بە پەرەگرافی وت "یەکێتی سکاڵای حاڵی خۆی لای حیزبەکان دەکات و باسی کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەستتێوەردانی پارتی لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ حیزبەکان دەکات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی حیزبەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو دۆخە لە پارتی قبوڵناکات و ھەڵوێستی دەبێت تا ئاستی کشانەوە لە حکومەت".

لەبارەی ھەڵوێستی ڕاو حیزبەکان لەسەر ئەو سەردانانەی یەکێتی، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "حیزبەکان دەزانن یەکێتی دەیەوێت بەکاریان بھێنێت وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی، دەزانن ھەرکات یەکێتی لەگەڵ پارتی تێکبچێت پەنا بۆ حیزبەکان دەبات و کە لەگەڵ پارتیش ڕێکبێت حیزبەکانی دیکەی لەبیر نییە".

پەرەگراف پێشتر ئاشکرای کرد نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە چەند پرسێکەوە هەیە، لەوانەش دۆسیە هاوکار جاف و مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەژی ئەمین.