پارێزەرێك: كوڕی سەرباز نادر هەورامی تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوسەرەكەم و دەستگیر ناكرێت

30-10-2022 05:01
وێنەیەكی كۆنی پارێزەر ڕێبوار خۆشناو و هاوسەرە كوژراوەكەی

پەرەگراف

كوڕی بەرپرسێكی باڵای پارتی تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوسەری پارێزەرێك و دەستگیر نەكراوە. ئەو پارێزەرە دەڵێت، سەرەڕای دەستگیرنەكردنی تۆمەتبار، چەند ڕۆژێكیشە لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێ‌ دەكەن. هەر بۆیە داوای سەروەربوونی یاسا لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دەكات و پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانەكەی دەخاتە ئەستۆی ئەوان.

پارێزەر ڕێبوار خۆشناو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك پەیامێكی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بازانی كردووە، تێیدا داوایان لێ‌ دەكات پابەندی قسە و بەڵێنەكانی خۆیان بن لە "پشتگیركردنی سەروەریی یاسا" و "جێبەجێكردنی یاسا بە یەكسانی بە سەر هەموو كەسێكدا".

ئەو پارێزەرە سەبارەت بە دۆسیەی كوشتنی هاوسەرەكەی  لە ١٥ ساڵ لەمەوبەر، دەڵێت "دوابەدوای دەستپێكردنەوە بە گرتنەبەری ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە تایبەت بە دۆسیەی كوشتنی خێزانم بە دەستی تۆمەتبار (ژیر سەرباز نادر هەورامی)، دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبار دەركرد و بڕیاری ئامادەكردنی بۆ باوكی تۆمەتبار (سەرباز هەورامی) دەركرد".

بەڵام وەكوو ڕێبوار خۆشناو باسی دەكات "تا ئێستا نە تۆمەتبار دەستگیر دەكرێت و نە سەرباز هەورامی لەبەردەم دادگا ئامادە دەبێت".

سەرەڕای دەستگیرنەكردنی تۆمەتباران، ئەو پارێزەرە بە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دەڵێت "ئێستا چەند ڕۆژێكە لەلایەن تۆمەتبارانەوە بە ژمارەی نەناسراو هەڕەشەی كوشتنم لێ دەكرێت، ئەگەر بە زووترین كات لە دادگا دەست لەم داوایە هەڵنەگرم".

ڕێبوار خۆشناو لە مەسروور بارزانی دەپرسێت "دەكرێت لەژێر سێبەری حوكمی بەڕێزتاندا بەرپرس هەڕەشە لە ژیانی هاونیشتمانیان و زوڵملێكراوان بكات؟". هەروەها دەڵێت "دوور و نزیك ئاگاداری ڕەفتار و كاری بەشێك لە بەرپرسەكان نین كە چۆن لەژێر سێبەری دەستەڵاتی ئێوەدا بەربوونەتە گیانی هاووڵاتیانی بێ دەستەڵات و تەنانەت دادگاكانیش".

پارێزەرە ڕێبوار خۆشناو دوو نووسراوی بڵاو كردووەتەوە، كە نووسراوی یەكەم واژووی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی لەسەرە و تێیدا داوای كردووە كە (سەرباز نادر هەورامی) ئاگادار بكرێتەوە بۆ ئامادەبوونی لە داداگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر بە مەبەستی وەرگرتنی وتە. نووسراوی دووەمیش كە لە 12-10-2022 لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێرەوە دەركراوە، بڕیاری دەستگیركردنی ژیر سەرباز نادر هەورامییە.