شێروان شێروانی لە زیندانی تاكەكەسی دەرهێنرا

31-10-2022 02:30

پەرەگراف

پاش 12 ڕۆژی مانەوەی لە زیندانی تاكەكەسی، شێروان شێروانی گەڕێندرایەوە ناو هاوڕێكانی لە چاكسازیی گەورانی هەولێر.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "شێروان شێروانی بە پاساوی ئەوەی كە بە مۆبایلی زیندانیكراوی دیكە تەلەفۆنی بۆ دەرەوەی زیندان كردووە، 12 ڕۆژ خراوەتە زیندانی تاكەكەسییەوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەڕێندرایەوە ناو هاوڕێكانی".

ئەو پارێزە وتیشی، ئەگەر شێراون شێروانی بە مۆبایلی زیندانیكراوی دیكە تەلەفۆنیشی كردبێت، حاڵەتێكی ئاساییە و نەدەبوو لەسەر ئەوە سزا بدرێت.

پێشتر سزادراوانی بادینان داوای گواستنەوەیان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی كردبوو، بەڵام تا ئێستا لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ماونەتەوە. لەبارەی هۆكاری نەگواستنەوەیان، بەشدار حەسەن بۆ پەرەگراف وتی "داواكارییەكەمان پێشكەش بە چاكسازیی گەورانی هەولێر كردووە، بەڵام ئامادە نین داواكارییەكە بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەرز بكەنەوە".

"ئەگەر ئەو زیندانیكراوانە بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی بگوزارێنەوە، ئەوكات بە مەرج ئازاد دەكرێن، چونكە ئازادكردنی بەمەرج (ئیفراج شەرتی) دەیانگرێتەوە"، بەشدار حەسەن وای وت.

پێشتریش بەهۆی لێدوانی بۆ میدیاكان، شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی سزادراوی بادینان، لە زینداندا سزا درا و بەڵێننامەیشی پێ‌ واژوو كرا كە قسە بۆ میدیا نەكات. ئەوكات بارزان شێروانی، برای ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی وت "شێراون بانگكراوە بۆ ئیدارەی چاكسازیی گەوران و پێیان وتووە دەبێت بێدەنگ بیت و لێدوان بۆ میدیاكان نەدەیت".

بەشدار حەسەن، پارێزەری چالاكانی بادینان، دەڵێت "ئەگەر بە مەرجیش ئازاد نەكرێن، ڕۆژی 16-3-2022 سزای شێروان و چوار هاوڕێكەی تەواو دەبێت و ئازاد دەكرێن".

هەریەك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گۆهدار زێباری لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ساڵی 2020، لەلایەن ئاسایشی پارتی لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا دژ بە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان كە ژمارەیان بە نزیكەی 200 كەس مەزندە دەكرا، دەستگیر كران.

لە ڕۆژانی 15 و 16ـی شوباتی 2021، ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەی بادینان بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" و بە ماددەی یەك لە یاسای ژمارە (21)ـی ساڵی 2003 دادگایی كران و هەریەكەیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.

دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەرسومێك سزای سەر ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانەی بە ڕێژەی ٦٠% كەم كردەوە.