پارتی سوورە لەسەرئەوەی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە تۆمەتی تەقینەوەکەی هەولێر بچنە بەردەم دادگا

31-10-2022 02:45
ساتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار جاف - هاوکار جاف - ئۆتۆمبێلەکەی دوای تەقینەوەکە.

پەرەگراف

پارتی سوورە لەسەر چوونەبەردەم دادگای بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی کە "تۆمەتبار کراون" لە دۆسیەی ئەو تەقینەوەیەی هەولێر کە تێیدا هاوکار جاف کوژرا.

لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوەو ناوهێنانی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی لەو دۆسیەیەدا، یەکێتی نیگەران کردووە لەگەڵ ئەوەشدا دژەتیرۆر بەتووندی ڕەتی دەکاتەوە دەستی لەو ڕووداوەدا هەبووبێت.

پشتیوان سادق سەرۆکی شاندی تیمی وەزاریی پارتی بۆ سەردانی لایەنەکان، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ڕوونکردنەوەمان دەربارەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی هەولێرداوەو هیچ حیزب و لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە بە ئەنجامدانی، چەند کەسێک تۆمەتبار کراون و لەلایەن دادگاوە بانگکراون بۆئەوەی وتەیان لێوەربگیرێت و دەبێت یاسا سەروەربێت".

"کردەوەی تیرۆریستی لە کوردستان و پایتەخت قبوڵکراو نییە. بەلای حکومەتەوە ئاسایش و سەقامگیریی هێڵی سوورەو نابێت هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کارانە ببات" پشتیوان سادق وای وت.

سەرۆکی شاندە وزارییەکەی پارتی، لەبارەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتی و نیگەرانییەکانی ئەو حیزبە، ئەوەی خستەڕوو، هیچ کێشەیەکی گەورەیان نییە کە چارەسەر نەکرێت، وتیشی "لەگەڵ تیمی وەزاری یەکێتی کێشەمان نەبووەو نییەو بەهیچ جۆرێک گوێم لێ نەبووە یەکێتی باسی کشانەوە لە حکومەت بکات".

سەردانەکانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنەکان، دوای ئەوەهات ٢٦ی ئەم مانگە لە پێشهاتێکی نوێدا قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و هەر هەمان ڕۆژ شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانێکی بۆلای حیزبەکان دەستپێکردو لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبووەوە تا نیگەرانییەکانیان لە پارتی بگەیەننە هەموو لایەک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکانی یەکێتی بە پەرەگرافی وت "یەکێتی سکاڵای حاڵی خۆی لای حیزبەکان دەکات و باسی کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەستتێوەردانی پارتی لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ حیزبەکان دەکات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی حیزبەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو دۆخە لە پارتی قبوڵناکات و ھەڵوێستی دەبێت تا ئاستی کشانەوە لە حکومەت".

لەبارەی ھەڵوێستی ڕاو حیزبەکان لەسەر ئەو سەردانانەی یەکێتی، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "حیزبەکان دەزانن یەکێتی دەیەوێت بەکاریان بھێنێت وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی، دەزانن ھەرکات یەکێتی لەگەڵ پارتی تێکبچێت پەنا بۆ حیزبەکان دەبات و کە لەگەڵ پارتیش ڕێکبێت حیزبەکانی دیکەی لەبیر نییە".

پەرەگراف پێشتر ئاشکرای کرد نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە چەند پرسێکەوە هەیە، لەوانەش دۆسیە؛ هاوکار جاف ئەفسەری پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتی کە بە تەقینەوە لە هەولێر کوژرا لەگەڵ مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەژی ئەمین.