عەلی حەمەساڵح دەربارەی شاسوار عەبدولواحید: یەكێتی هاوبەشی پرۆژەكانیەتی و پۆلیسش سكاڵا لە دژی وەرناگرێت

31-10-2022 09:51

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بەبێ‌ ئەوەی ناوی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی نەوەی نوێ‌ بهێنێت، وەڵامی دایەوە و دەڵێت "ئەوەی بۆ ئەو كراوە و دەیكەن لە هاوبەشی و پێدان، لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ كەس نەكراوە".

عەلی حەمەساڵح ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، چەند بەڵگەنامەیەکی خستەڕوو "سەبارەت بە پرۆژە و قەرزەكانی شاسوار عەبدولواحید"، وتی "دادگای بۆ كۆنترۆڵ دەكەن، قەرزی پێ‌ دەدرێت و نایداتەوە، پارەی باج و كارەبا نادات، دواتریش خەڵك تۆمەتبار دەكات كە شەریكی دەسەڵاتە".

لە سەرەتادا ئەو پەرلەمانتارە باسی لە هابەشیی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ یەكێتی كرد و وتی "لەسەدا 20ی موڵكی گوندی ئەڵمانیی سێ‌ هی ئیدارەی گشتیی یەكێتییە، واتە 100 شوقە و ڤێلا درروست بكات دەبێت 20یان بدات بە نۆكان".

دواتر چووە سەر دۆسیەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و وتی "40 خاوەن پشكی چاڤیلاند لە 14 دۆسیەدا سكاڵایان لەسەر تۆمار كردبوو، چەند ساڵ مایەوە لە دادگادا، سەرەڕای بوونی بەڵگە، بەڵام بە دەستوەردانی سیاسی لە 7-2-2022 دۆسیەكە بە یەكجاری داخرا".

عەلی حەمەساڵح دەستوەردان لە دۆسیەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندی دایە پاڵ كوڕەكانی جەلال تاڵەبانی و وتی "كاك قوباد و كاك بافڵ، بە چ هەقێك ئەو دۆسیەیە دادەخەن؟".

وتەکانی عەلی حەمەساڵح دوای ئەوەدێت، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بێمنەتیی پیشاندا لەوەی قەرزاری حکومەت بێت و هاوکات ڕەخنەی تووندی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە دۆسیەی کازم فاروقیان بەکارهێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لێی و یەکێک لەوانە عەلی حەمەساڵح بوو، بە "پەرلەمانتاری علووج و شاگردی دەسەڵات ناوی بردن کە بۆ خزمەتی دەسەڵات و لەبیربردنەوەی قەیرانەکان ویستویانە سەرنجی خەڵک بەلاڕێدا ببەن".

شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە "برای بەڕێز" ناوی کازم فاروقی هێناو باسی دۆخی تەندروستیی کردو وتی "لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەوەی لەسەرمان بووە کردوومانەو ڕۆژانە هەواڵمان پرسیوە.. پێموتووە ماڵی خۆمت بۆ دەفرۆشم ئەوەی لەسەر بووە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کردوومەو لەمەودواش بۆی دەکەم و بۆ هەموو ئەوانەیشی کە لەگەڵمدان لەگەڵ نەوەی نوێش نەمێنن هەروا دەبم بۆیان" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وای وت، وتیشی، "ئێستاش بەس پێمبڵێت لە کوێیە لە ٢٤ کاتژمێردا دەگەمە لای".

لە دوای وروژاندنی دۆسیەی نەخۆشیی کازم فاروق ناکۆکیی و ھەڵمەتی ڕاگەیاندنی تووند کەوتە نێوان شاسوار عەبدولواحید و ژمارەیەک پەرلەمانتار بەتایبەت پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و عەلی حەمەساڵح.

لەسەر دۆسیەی کازم فاروق تائێستا چەندین پرسیار بێوەڵام ماونەتەوە لەسەری و خانەوادەکەی لەگەڵئەوەی دەڵێن پزیشکەکان پێیان گوتوون "ژەھرخوارد کراوە"، بەڵام ئامادەنین وەڵامی پرسیاری ڕحژنامەنووسان لەبارەی دۆخی ئێستای کازم فاروق و دۆسیەکەی بدەنەوە.

عەلی حەمەساڵح وتیشی، لە بنكەی پۆلیس سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید وەرناگیرێت، "كۆمپانیایەكی كۆیە كە دەڵێت زەرەری زۆری لێ‌ داوین، ڕۆیشتووە بۆ بنەكەی پۆلیسی ئەزمەڕ سكاڵای لەسەر تۆمار بكات، پێرێ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی سێ‌ جار چوون سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن، بەڵام زۆر بە ڕوونی پێیان وتوون كە لەسەرەوە پێمان وتراوە سكاڵا لەسەر ئەو كەسە وەرنەگرین".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "دوو ملیار دیناری پارەی كارەبای لایە، 82 ملیار و 924 ملیۆن دیناری حكومەت قەرزارە، نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار قەرزی خەڵكی لایە، دەڵێت: بە هەوەس نایدەم. خێرە یەكێك لەبەر نەبوونی، قەرزی عەقاری لابێت كەفیلەكەی دەگرن، بەڵام ئەم نایدات و كەسیش هیچ ناڵێت؟! هیچ دەسەڵاتێك هەیە ئەوەندە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن بەخشندە بێت؟!".

یەكێك لە دۆسێیانەی كە عەلی حەمەساڵح باسی كرد،  بە وتەی ئەو "فرۆشتنی چاڤیلاندە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە بە 424 ملیار دینار".