پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەستلەکار کێشانەوەیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد

01-11-2022 12:27
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان

پەرەگراف

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار کێشانەوەی ھەر پێنج پەرلەمانتارەکەی ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، لە 6-11 ماوەی یاسایی پەرلەمان کۆتایی دێت و ھیچ پاساوێك بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان نییە و لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا نین.

فراکسیۆنەکە داوادەکات بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەستلەکار کێشانەوەیان بخرێتە بەرنامەی کارەوەو دەنگی لەسەر بدرێت.

ھاوکات سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لە تویتێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ بە سوپاسەوە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی  پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، من ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە بەرز دەنرخێنم و سوپاسی خۆڕاگری و ئەدائی جوانیان ئەکەم، ئەمەش دەستپێشخەرییەکی نەوعیی بوێرانەیەو داوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ ئەکەم".

پێشتر سەرکردایەتی یەکگرتوو بڕیاری کشانەوەی لە پەرلەمان دا، نەوەی نوێش ڕایگەیاندووە لەدوای ٦-١١ لە پەرلەمان دەکشێنەوەو بڕیارە کۆمەڵی دادگەری و پەرلەمانتارانی ناڕازیش ھەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.