هەواڵگریی سعودیە هۆشداریی دەداتە ئەمریکییەکان کە ئێران بەنیازە لە هەولێر و سعودیە هێرشیان بکاتەسەر
پەرەگراف
چەند بەرپرسێکی سعودی و ئەمریکی بە ڕۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکییان وتووە، هەواڵگریی سعودیە هۆشداریی داوەتە ئەمریکییەکان کە ئێران بەنیازە لە هەولێر و سعودیە هێرشیان بکاتەسەر، ئەوەش بۆ لابردنی سەرنج لەسەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی.
بەپێی ئەو ڕۆژنامەیە، سعودیە و ئەمریکا زانیاری هەواڵگرییان ئاڵوگۆڕ کردووە لەبارەی هێرشی ئێران.
"سعودیە و ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی دیکەی دراوسێ ئاستی هۆشدارییان بۆ هێزە سەربازییەکانیان بەرزکردووەتەوە"، ئەوەش بەھۆی زانیارییەکان لەبارەی ھێرشی ئێران.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئەمریکا، نیگەرانیی پیشانداوە لەو هۆشدارییانە و ئامادەیی پیشاندەدات بۆ وەڵامدانەوەیھەر ھێرشێکی ئێران.
وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، لە پەیوەندی بەردەوامدا دەمێننەوە لەگەڵ سعودیە لە ڕێگەی کەناڵە سەربازی وهەواڵگرییەکانەوە، دەشڵێت "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا".
ئەو هۆشدارییەی سعودیە لە ھێرشی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ناوخۆی ئێران کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی بەفراوانی سەریان هەڵدا.
ئێران، بەردەوام جەخت لە ھەبوونی "دەستی دەرەکی" دەکات بە ھاندان و لە پشتبوونی خۆپیشاندانەکان، بۆ ئەوەش سعودیەو ئەمەریکا بە دوو وڵات لەقەڵەم دەدات کە دەستیان لە خۆپیشاندانەکاندا ھەیە، ھەروەھا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم تۆمەتبار دەکات بە دەستهەبوون لەخۆپیشاندان و گرژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی.
سوپای پاسدارانی ئێران لە 28-09-2022 بنکە وبارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە زڕگوێزی سلێمانی و کۆیەو نزیک کەرکوک بۆردومان کردوبە هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە50 کەسیش بریندار بوون.