مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: كاك جەعفەر بۆ خۆشیرینكردنەوەو خۆدەرهێنانی لەو پەراوێزخستنەی تووشی بووە قسه‌ی كردووه

02-11-2022 01:36

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی پارتی وەڵامی قسەو ڕەخنەکانی جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فای دایەوەو دەڵێت، "بۆ خۆشیرینكردنەوەو خۆدەرهێنانی لەوپەراوێزخستنەی تووشی بووە قسه‌ی كردووه".

شێخ جەعفەر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ شه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردسات باسی خراپیی دۆخی ھەرێم ونێوانی پارتی و یەکێتی کردو وتی، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش له‌ بارودۆخی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی رازی نین.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وه‌ڵامی دایەوە‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..

كاك جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی حزبەكەی، بۆ خۆشیرینكردنەوەو خۆدەرهێنانی لەوپەراوێزخستنەی كە تووشی بووە، كۆمەڵێك قسەو ڕای كە تەبا نین لەگەڵ رەئی و بۆچوونەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی، دەربڕیوە. بێئومێدی لە ئاكامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەكانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانی حزبەكەی كاك جەعفەر شێخ مستەفا، پشتگوێخستنی رێككەوتنەكان و قبووڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانە، خەڵك بێئومێد بووە، چونكە یەكێتی باكی بەئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونكە كێشەو گرفتە ناوخۆییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن كێشەكانی كوردستان چارە بكەن؟.

ئێمە لە كاك جەعفەرو هەڤاڵەكانی تێدەگەین كە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بەدروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا.

خەڵك بێئومێد بووە، چونكە حزبەكەی كاك جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروستكردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت.

ئەگەر باسی خراپیی دۆخی هەرێم و ململانێ دەكەی و ترسی لێكترازانت هەیە، چونكە هێشتا حزبەكەت چەمكی منافەسەو دوژمنایەتی لێك جیانەكردۆتەوە، بەرژەوەندیی حزبەكەی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و دەستكەوتەكانی ئەم هەرێمە، كە بە خەبات و خوێن بەدەست هاتوون، بۆ زانیاری كاكە شێخ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی زۆر لەوە گەورەترو بەئیلتیزامیترن كەبچنە لای كەسی دیكە گلەیی بكەن، یان باسی پارتەكەیان بكەن، بەڵكو ئیلتیزامی هەڤاڵان بە مەرجەعیەتی حزب و پارتایەتی ئەوەندە بەهێزە كە هێرش و قسە جنێوئامێزەكانی ئێوەومەمانانیش بەرامبەر بە حزبەكەتان و كەسایەتییەكانی باس ناكات.

وەزع و شەرحی حاڵی خۆتان بۆ خۆتان لە راگەیاندنەكانیش نەشاردۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەو هەڵوێستەی تۆ و حزبەكەت لەبەر چییە؟. ئایا خەڵكی كوردستان ئەمە قبووڵ دەكەن، بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی هەمووان هاووڵاتیی ئەم هەرێمە تیرۆر بكرێ و حكوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و دادگا چاوپۆشی بكەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری سلێمانی ئەو خۆسەپاندن و بێسەروبەریەی لە حكومڕانیی ئەو دەڤەرەداهەیە،‌ قبووڵ دەكەن؟

دەپرسین تۆ و هەندێك لە هەڤاڵەكانت بۆ ئەوەندە لە داواكردنی دادگا بۆ تەسلیمكردنی چەند كەسێك كە داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەكاندا دەستتان كردووە بە هێرش و تێكدانی بارودۆخەكە؟

ئێمە لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵامنەدانەوەی كۆمەڵێك چەواشەكاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

2/11/2022