جەلەمۆرد؛ ئەو گوندەی بەعس نزیكەی هەموو دانیشتوانەكەی ئەنفالكرد

04-05-2019 06:07


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

محەمەدو چوار هاووڵاتی دیكە توانییان خۆیان لەو لێشاوەی ئەنفالكردن دەرباز بكەن كە لەماوەیەكی كورت‌و لە ناوچەیەكی جوگرافیی بچووكدا بەرامبەر نزیكەی دوو هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەكانی بناری خاڵخاڵان ئەنجامدرا، ئەوانەی دەستگیركران گواسترانەوە بۆ بیابانەكانی خوارووی عێراق بە مەبەستی زیندەبەچاڵ كردن.

ئەو ڕۆژە 31 ساڵ بەرلە ئێستاو 4-5-1988 بوو، كاتێك لە سێ قۆڵەوە هێرشكرایە سەر گوندی جەلەمۆرد، دانیشتوانی گوندەكە بەسەر هەردوو چەمی (بابە ڕوشەو هەزاركانی)دا دابەش بوون و خۆیان حەشاردا.

لە دەوروبەری چەمی بابەڕوشە جگە لە 350 هاووڵاتی گوندی جەلەمۆرد، نزیكەی 1400 دانیشتووی گوندەكانی دیكەشی تێدابوو كە لە ترسی پەلامارەكانی ڕژێمی بەعس خۆیان حەشاردابوو، چەمەكە نزیكەی 2 كیلۆمەتر لە جەلەمۆردەوە دوورە.

"ڕۆژی دواتر حكومەتی بەعس دەستیكرد بە خاپووركردنی گوندەكە لە ماوەی 2 ڕۆژدا بە تۆپ‌و تەیارە، بۆ ڕۆژی 7-5 بەعس هێرشی كردەسەر چەمی بابە ڕوشەو هەزاركانی، لەوكاتەدا پێنج كەس خۆمان دەرباز كرد كە ئێوارە گەڕاینەوە خەڵكەكە هەمووی ئەنفالكرابوون" محەمەد كاكەئەمین بۆ پەرەگراف وای وت.

محەمەد 17 كەس لە خوشك‌و برا و كەسوكاری ئەنفالكراون، دوای ئەوەی كەسوكارەكەی دەبەنە چیای خاڵخاڵان، لەوێوە بۆ ناحیەی تەقتەق‌و دواتر بۆ نوگرەسەلمان دەگوازرێنەوە. لە تەقتەق لەلایەن كەسێكەوە ژن‌و منداڵەكانی محەمەد ڕزگار دەكرێن‌و لە نوگرە سەلمانیش دوای شەش مانگ دایكی‌و كۆمەڵێك هاووڵاتی بەتەمەن ئازاد دەكرێن، بەڵام سەرجەم ژن‌و پیاو و منداڵ‌و گەنجەكانی گوندەكە زیندەبەچاڵ كران.

دانیشتووانی جەلەمۆرد زۆرینەی هەرەزۆریان ئەنفالكران، تەنها چەند كەسێكی كەم لە هەردوو چەمی بابەڕوشەو هەزاركانی خۆیان دەرباز كرد، ئەوان ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ لە شاخ و كێوەكان ماونەتەوە تا پڕۆسەی ئەنفال كۆتایی هاتووە.

محەمەد دەڵێت"بەعس دوای ئەنفالكردنی جەلەمۆرد ڕۆژانە هاتونەتە گوندەكەو هەرچی ئاژەڵ‌و سەگ‌و گیانلەبەر هەبووە كوشتوویانەو دارەكانیان بڕیوەتەوەو پاشماوەی هاووڵاتییە بەجێماوەكانیان دەستگیر كرد، ئەوانەی كە لە نزیكی گوندەكە خۆیان حەشاردابوو ڕۆژانە ئەم دیمەنانەیان بەچاوی خۆیان بینیوە".

گوندی جەلەمۆرد دەكەوێتە بناری خاڵخاڵان‌و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بەناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵە، لە قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی ئەنفالدا 485 هاووڵاتی ئەو گوندە ئەنفالكران، لەو گوندە تەنها 10 بۆ 15 كەس ڕزگاربوون، دواتریش نزیكەی 30 كەس لە بەتەمەنەكانی گوندەكە لە نوگرەسەلمان ئازاد كراون.

ساڵانە لە ڕۆژەكانی سەرەتای مانگی پێنج دا یادی ئەنفالی گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵخاڵان دەكرێتەوە، ئەمرۆش ئەو یادە لە مۆنۆمێنتی بابە ڕوشە لە گوندی جەلەمۆرد كرایەوە.

یادەكەی ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی بابە ڕوشە لە گوندی جەلەمۆرد

كاروان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەراسیمەكە بە پەرەگرافی وت"ئێمە وەك كەسوكاری ئەنفالكراوانی گوندەكانی بناری خاڵخاڵان ئەم یادە دەكەینەوە كە ژمارەیان 1700 هاووڵاتیەو لە 14 گوندی ناوچەكە ئەنفالكراون، ئەم یادەش بە مەبەستی ئاشناكردنی نەوەی نوێیە بە قوربانیدانەكانی باوباپیرانیان".

یادەكە بریتی بوو لە؛ وتاری كەسوكاری ئەنفالكراوان‌و نمایشی شانۆگەری‌و كۆراڵی مۆسیقاو چەند چالاكییەكی دیكە، سەرپەرشتیاری مەراسیمەكە وتی"هەوڵدەدەین لە قۆناغی داهاتوودا پڕۆسەی ئەنفال بە ئەكادیمی كاری تێدابكرێت‌و كەسانی بیانییش بانگهێشتی یادەكان بكرێن".

یادەكەی ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی بابە ڕوشە لە گوندی جەلەمۆرد

كاروان داوادەكات زیاتر خزمەتی ئەوگوندانە بكرێت، بەتایبەت ڕێگاوبانی ناحیەی ئەغجەلەرو گوندەكانی، هاوكات داوای هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالكراوان‌و بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكە دەكەن.

یادەكەی ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی بابە ڕوشە لە گوندی جەلەمۆرد

31هەمین ساڵیادی ئەنفال لەكاتێكدایە كەسوكاری ئەنفالكراوان چاوەڕوانی هێنانەوەی تەرمی ئازیزانیانن لە بیابانەكانی خوارووی عێراق، یەكێك لەوانە پورە مەهروب-ە كە خەڵكی گوندی تاوێربەرزی جەبارییەو كوڕەكانی ئەنفال كراون، ئەو شەوی ڕابردوو دوای تەمەنێك چاوەڕوانیی بێئەنجام، كۆچی دوایی كرد.

بەدرێژایی ئەو ساڵانە، پورە مەهروب چاوی بڕیبووە دەم كەلی ئاواییەكەیان بەهیوای گەڕانەوەی ئازیزانی بوو، تەنانەت چەند ساڵێك بەتاقی تەنها لەگوندەكەیان دەژیا‌و هیچ ماڵ‌و كەسێكی تر لەئاوایی نەبوون، ئەو دەیگووت، یادگاریی جیهادو غازیی كوڕی لە گوندەكەیەو جێی ناهێڵێت.

پورە مەهروب

ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 دا بە هەشت قۆناغ و لە شەش ناوچەی جیاوازی كوردستان پڕۆسەی ئەنفالی دژ بە گەلی كورد ئەنجام دا و تیایدا 182 هەزار هاووڵاتی كوردی ئەنفالكرد كە لە مانگی شوبات دەستی پێكرد و لە مانگی ئەیلول كۆتایی پێهات.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال، لە 3ی ئایار بۆ 15ی ئایاری خایاند، لەو قۆناغەدا گوندەكانی بناری خاڵخاڵان، گۆپتەپەو عەسكەر بەركەوتن‌و كیمیاییبارانیش كران، سوپای عێراق چەند گوندێكی ناوچەكەی بە تەواوی خاپور كرد.