تیمی پارێزەران: داواكاریی گواستنەوەی زیندانیانی بادینانمان ڕاگرت

08-11-2022 07:01

پەرەگراف

تیمی پارێزەرانی زیندانیكراوانی بادینان، ڕاگرتنی داواكاریی گواستنەوەی زیندانیانی بادینانی بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی ڕاگەیاند و دەشڵێت "سزادراوانی شیلادزێ مانگی داهاتوو ئازاد دەكرێن".

تیمی پارێزەرانی ئەو سزادراوانە دەڵێت "سوپاسی بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێم دەكەین كە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئیدارەی چاكسازیی گەورانی هەولێر كۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە مافەكانی زیندانیان بپارێزن".

تیمی پارێزەران لە بەرانبەر هەوڵەكانی بەڕێوەبەری چاكسازییەكانی هەرێم، "لە ئێستادا" بابەتی داواكاریی گواستنەوەی زیندانیانی بادینانیان ڕاگرتووە و دەڵێت "بارودۆخەكە هێور بووەتەوە".

"بۆ لەمەودوایش زیندانیانی بادینان بۆیان دەبێت لە هەر ئاستێكی خوێندن درێژە بە خوێندنیان بدەن و وەكوو هەر زیندانییەكی تری چاكسازی گەوران، مافەكانیان پارێزراو دەبێت، لە هەر خولێكیش كە بۆ زیندانییان بكرێتەوە، بۆ لەمەودوا سزادراوانی بادینانیش بێ بەش ناكرێن"، تیمی پارێزەران وا دەڵێت.

سەبارەت بە سزادراوانی شیلادزێیش كە پێنج كەسن، پاێزەرەكان دەڵێن "لە ٩ تا ١٥ی مانگی داهاتوو ئازاد دەكرێن، چونكە ماوەی زیندانییان تەواو دەبێت".

ڕۆژی 31-8-2022، بەشدار حەسەن، پارێزەری زیندانیانی بادینان، ڕایگەیاند "شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا لە ڕێگای چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە داواكارییەكیان ئاراستەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی كردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی".

ئەو پارێزەر هەفتەی ڕابردوو بە پەرەگرافی وت "بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر داواكاریی ئەو سزادراوانە بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەرز ناكاتەوە".

پێنج چالاكەكەی شیلادزێیش بە ناوەكانی (مەحموود ناجی، یوسف شەریف، كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع و ئەمجەد یوسف) كە ڕۆژی 16-5-2022 بە هەمان تۆمەتی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی دیكەی بادینان "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" پاش ساڵێك و شەش مانگ لە دەستگیركردن، سزای دوو ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، ناوەڕاستی مانگی داهاتوو سزاكەیان تەواو دەكەن.