سەرکردایەتی یەکێتی: بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەمان داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت

08-11-2022 07:47
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی

پەرەگراف

سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی كۆبووەوەو ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێم بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت.

"هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی وپارتی" ڕاگەیەندراوی سەرکردایەتی یەکێتی وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد.

کۆبونەوەکە ئەمڕۆ ٨/١١/٢٠٢٢ بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی یەکێتی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دوای پێکهێنانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی حوکمڕانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان.

سەرۆک بافڵ لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە یەک دەستی و یەک ئیرادەیی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە بووە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەکێتی لە بەغدا و جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد، بەتایبەتی کە شوێن دەستی یەکێتی بەکارنامەی حکومەتی دەوڵەتمەدار محمد شیاع سودانییەوە دیارە.

جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی یەکێتی سیاسەتێکی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەکەمی پاراستنی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەرئەوەش  بنچینەی پرۆسەی سیاسی عیراقە. گوتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەکێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستانیش هەڵوەستەی کرد کە یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەسەر کۆبوونەوەکانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قسەی کرد کە بۆ بەرچاوڕوونی و راوێژیی پێویست بوو لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان تا لە هەڵوێستە دروست و نیشتمانییەکانی یەکێتی ئاگادار بن.

بەشێکی تری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر کاروباری ناوخۆیی حزب و ئۆرگانەکان.