قازانجی دانەگاز لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە

09-11-2022 03:27
كێڵگەی گازی كۆرمۆر. وێنە؛ دانەگاز

پەرەگراف

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ڕایگەیاند، بەرهەمی گازی سرووشتییان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 11% و قازانجیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.

دانەگاز کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کاردەکات، ئەمڕۆ ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە کار و قازانجەکانی 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، دانە گاز لە سەرجەم  چالاکییە پیشەسازییەکانیدا زیاتر لە 161 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە، لەکاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، قازانجیان کەمتر لە 98 ملیۆن دۆلار بووە.

کۆمپانیاکە دەڵێت، تێکڕای قازانجیان لە سەرجەم کار و چالاکییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 64% بەرزبووەتەوە، هۆکاری هەڵکشانی قازانجیشیان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی لە جیهان و پابەندبوون بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و هەروەها چالاکیی بە‌‌‌هێزی کۆمپانیاکەیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. 

"لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو دوایین رۆژی مانگی ئەیلول، بەرهەمی گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 1% زیادیکردووە و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بەرهەمی رۆژانەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر 50 ملیۆن پێ سێجا زیادیکردووە و بووەتە 500 ملیۆن پێ سێجا، بەوشێوەیەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە 11% بەرزبووەتەوە" دانەگاز وادەڵێت.

کێڵگەی كۆرمۆر کە دانەگاز کاری تێدا دەکات گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، کاردەکات بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.