حکومەتی هەرێم شاندی دانوستانی بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی پێکهێنا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد

09-11-2022 04:12
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. وێنە؛ پەیجی سەرۆکی حکومەت

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم شاندێکی بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی پێکهێنا تا لە نزیکترین کاتدا گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستپێ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە، هەرچەندە قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد، بەڵام وەزیرەکانی یەکێتی بەشداربوون و تیمی وەزاریی یەکێتی و گۆڕان پیرۆزبایی کۆنگرەی پارتییان لە تیمی وەزاریی پارتی کرد.

ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پیرۆزباییمان لە تیمی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی، پاشان بەڕێز دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بەناوی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان، بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن، پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی 140ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).

دوای تاووتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لەم بەڕێزانە پێکبێت، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.

لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن بەڕێز ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.