سەرنووسەری پەرەگراف داوایەکی یاسایی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بردەوە

10-11-2022 12:32

پەرەگراف

سەرنووسەری پەرەگراف ئەو داوایاساییەی بردەوە کە لەسەر ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردبوو بەهۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانی پەرلەمان لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم خولەیەوە تا ڕێکەوتی ١-٤-٢٠٢٢.

ئەمڕۆ چوارەم دانیشتنی دادبینی داوایاساییەکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا لەگەڵ پارێزەری ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

 لە دانیشتنەکەدا داواکاری گشتی لە بەرژەوەندیی سەرۆکی پەرلەمان ڕەئی خۆیداو داوای هەڵوەشاندنەوەی داوایاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگرافی کرد.

دواتر دادوەر چەند پرسیارێکی ئاڕاستەی داواکارو داوالەسەرکراو کرد، سەرنووسەری پەرەگراف جەختی لە ناوەڕۆکی داوایاساییەکەی و بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانە کردەوە کە لە سەرۆکی پەرلەمانی داوا کردووە.

پاشان دادوەر بڕیاری دادگای ڕاگەیاندو وتی "دادگا بڕیاریدا بە پابەندکردنی داوالەسەرکراو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای کارەکەی، بە پێدانی سەرجەم ئەو داتاو زانیارییانەی لە ناوەڕۆکی هۆشدارییەکەدا هاتووەو ئەم بڕیارە قابیلی تانەلێدانە".

داوایاساییەکە بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی تۆمارکراوە، دوای ئەوەی سەرنووسەری پەرەگراف لە ڕێی هۆشداریی دادنووسەوە بەپێی ئەو یاسایە داوای زانیاریی لەبارەی بودجەو وردەکاریی خەرجییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی پەرلەمان کرد، بەڵام لە ماوەی یاساییدا وەڵامی نەدایەوەو سەرنووسەری پەرەگراف دۆسیەکەی بردە دادگا.

هەر بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، پەرەگراف داوای یاسایی لەسەر هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، بەهۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان.

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێرو ڕۆژی ١٦-١١-٢٠٢٢ وادەی چوارەم دانیشتنی دادبینیی ئەو دوو داوایاساییەیە.