ئەمەریکا نیگەرانە لە پێشێلکاریی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێم و دەڵێت: پابەندن بە پشتیوانیکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین

10-11-2022 04:30
ئێرڤن ھیکس، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێم.

پەرەگراف

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕاپۆرتی نیگەرانکەری لەسەر پێشێلکاریی ئازادیی ڕاگەیاندن بە دەست گەیشتووە لە هەرێمی کوردستان.

ئەو وتانەی ئێرڤن هیکس لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پانتایی کاری ڕاگەیاندن و ئازادییڕادەربڕین و ئەو ئاڵنگاریانەی ڕۆژنامەنووسان و ناوەندە میدیاییەکان ڕوبەڕویان دەبنەوە.

کونسوڵی ئەمەریکا دەڵێت "حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاپۆرتی هەواڵیی نیگەرانکەری لەسەر پێشێلکاریی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ماوەی ئەمساڵدا بەدەست گەیشتووە".

"ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و پێیوایە پێویستە ڕۆژنامەنووسان بتوانن کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس لە تۆقاندنو تۆڵەلێسەندنەوە و هەراسانکردن" ئێرڤن ھیکس وادەڵێت.

نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەکاتێکدان دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان لە خراپیدایەو ڕۆژنامەنووسان نیگەرانن لەپاشەکەشەی ئازادی و مافەکانیان، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و کارنەکردن بە یاسای ڕۆژنامەگەریی و یاسایدەسکەوتنی مافی زانیاریی بەشێکن لە نیگەرانییە بەردەوامەکان.

خراپیی دۆخی ڕۆژنامەوانی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ئازادیی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، ھەرێمی کوردستانی روبەڕوی رەخنەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.