دانیشتنێکی دیكەی دادگا لەسەر سكاڵای چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی شارەوانی دواخرا

10-11-2022 10:22

پەرەگراف 

دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی قادر حەمەجان عەزیز سەرۆكی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دواخرا. زیاتر لە ١٦ ساڵە سکاڵای ئەم دۆسیەیە تۆمارکراوەو هێشتا بە ئەنجام نە گەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ ١٠-١١-٢٠٢٢ دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەكە بەڕێوەچوو پاشان دادوەر بەهۆی هەندێک هۆکاری هونەریی و بۆ داواکردنی چەند شارەزایەک تا ڕایان لەسەر دۆسیەکە وەربگیرێت، بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ١٠-١-٢٠٢٣.

دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز، "پەیوەندی بە تۆمەتباركردنیەوە هەیە بە سەرپێچی و گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی لەسەردەمی ناوبراودا لە شارەوانی سلێمانی" سەرچاوەكە وای وت.

سكاڵاكەی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر قادر حەمەجان ساڵی 2006 تۆمار كراوە، كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی ئامادە كردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.