تەرمێكی دیكەی یەختە ژێرئاوكەوتووەكە دۆزرایەوە؛ چارەنووسی ژمارەیەك كۆچبەری كورد نادیارە

11-11-2022 04:58
وێنەی ئەو دوو كۆچبەرە كوردەی كە تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە

پەرەگراف

تەرمێكی دیكەی ئەو كۆچبەرانە دۆزرایەوە كە یەختەكەیان لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە كەناراوەكانی یۆنان ژێرئاو كەوت. لەناو یەختەكەدا ژمارەیەك كۆچبەری كورد هەبوون كە دوانیان ڕزگاریان بووە و تەرمی دوانی دیكەشیان دۆزراوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك بێسەروشوێنن.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران تایبەت بە پەرەگراف دەڵێت "نزیكەی 10 خێزان زانیارییان لەسەر كەسوكاریان پێ‌ داوین كە گومان دەكەن لەناو ئەو یەختەدا بووبن".

بەرەبەیانی ڕۆژی 1-11-2022 بەلەمێكی كۆچبەران كە دەگوترێت "70" كۆچبەری تێدا بووە، لە كەناراوەكانی ئێڤیای وڵاتی یونان ژێرئاو كەوت. هەرچەند بەر لە ڕووداوەكە ئەو كۆچبەرانە داوای هاوكارییان كرد، بەڵام بەهۆی درەنگ گەیشتنی پۆلیسی یۆنانەوە، تەنیا 12 كۆچبەر ڕزگار كران.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەمڕۆ ڕایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی پیاوێك لە كەناراوەكانی ئەلیكس كاریستۆس دۆزراوەتەوە كە تا ئێستا ناسنامەی دیار نییە، بەوەش ژمارەی تەرمی قوربانییان كە دۆزراونەتەوە، گەیشتووەتە 28 كەس".

لەو ١٢ كۆچبەرەی ناو یەختەكە كە ڕزگار كراون، دوان كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن. دوو لە تەرمەكانیش كە دۆزراونەتەوە، دانیشتووی هەرێم و ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

زریان ئەمینی كە كچێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێك لە وڵاتی توركیا لە چاوەڕوانیی دەرچونیدا بووە بۆ ئەورووپا، تەرمەكەی لەناو قوربانییانی ئەو ڕوودتوەدا بووە و لەلایەن كەسوكاریەوە ناسراوەتەوە.

یەكێكی دیكە لە قوربانییەكان كە تەرمەكەی دۆزراوتەوە، پیاوێكی خەڵكی پیرەمەگروونە بە ناوی (زانا قادر)، كە خێزاندار بووە و سێ‌ منداڵی لە دوای خۆی جێهێشتووە.

سەرچاوەیەك لە دەزگای لوتكە بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕێگەی ئەو ێنە و زانیارییانەی كە پێمان گەیشتووە، لە هەوڵداین بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەو كۆچبەرە كوردانەی كە كەسوككاریان دەڵێن بێسەروشوێنن".

ئەو سەرچاوە وتیشی "مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە زانیارییەكانیان لای ئێمە هەیە، لەو یەختەدا بووبن، بۆیە هەتا یەكلا نەكرێتەوە، ئێمە ناتوانین هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو كەسانە بڵاو بكەینەوە".