ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردران

12-11-2022 01:50

پەرەگراف

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەمڕۆ لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی هەڵبژارد.

میدیاکانی پارتی ناوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نوێی پارتییان ئاشکرا کرد، لە کۆی ١٧ ئەندام ١٠یان نوێن و یەکەمجارە دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و حەوتەکەی دیکەیان ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسین.

١٠ ئەندامە نوێیەکە بریتین لە؛ سیداد بارزانی، هێمن هەورامی، هیوا ئەحمەد مستەفا، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد هادی، ئامینە زکری، سەربەست لەزگین، پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و فوئاد حوسێن.

هەروەها فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، هوشیار زێباری، زەعیم عەلی، رێبوار یەڵدا، مەحمود محەمەدو کەمال کەرکوکی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردراونەتەوە.

پارتی لە ٣ی ئەم مانگە کۆنگرەی 14ی لە دهۆک بەست، لە کۆنگرەدا مەسعود بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو بۆیەکەمجار  سەرۆک دوو جێگری بۆ دانرا، نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆک دیاریکران.