دەمیرتاش سەردانی باوكی لە نەخۆشخانە دەكات كە جەڵتەی دڵ لێی داوە

12-11-2022 07:24
وێنەیەکى کۆنى دەمیرتاش لەگەڵ دایک و باوکى

پەرەگراف

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، سەردانی باوكی لە نەخۆشخانەیەكی ئامەد دەكات كە جەڵتەی دڵ لێی داوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

دەمیرتاش شەوی ڕابردوو لە زیندانی ئیدرنەوە بە فڕۆكە گوازراوەتەوە بۆ ئامەد و سەردانی باوكی لە نەخۆشخانە كردووە.

تاهیر دەمیرتاش، باوكی سەلاحەدین دەمیرتاش، بەهۆی تووشبوونی نەخۆشیی جەڵتەی دڵەوە، بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕدایە.

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر، باس لەوە دەكات كە هاوكات دایكی دەمیرتاش نەخۆشە

هەدەپە دەڵێت "سەلاحەدین دەمیرتاش شەوی ڕابردوو سەردانی نەخۆشخانەی لە شاری ئامەد كردووە بۆ بینینی دایك و باوكی كە نەخۆشن".

پاش چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە، دەمیرتاش گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان لە شاری ئیدرنە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لە 4-11-2016ـەوە بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی" كە مەبەست لێی (پەكەكە)یە، دەستگیر كراوە و لە زیندانی ئیدرنەیە.

هەرچەندە دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا لە ساڵی 2018 داوای دەستبەجێ‌ ئازادكردنی دەمیرتاشی كرد، بەڵام توركیا ڕەتی كردووەتەوە.