بافڵ تاڵەبانی بۆ خوێندکاران: پشتیوانی فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە ‏

12-11-2022 07:45

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی بۆ ناڕەزایی و فشارەکانی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان ڕاگەیاندو دەڵێت: بە دیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین.

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا بۆ خوێندکاران دەشڵێت: پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت.

ئەو پەیامە لەکاتێکدایە خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان لە چەند ناوچەیەکی کوردستان چەند ڕۆژێکە دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی کردووەو داوای پێدانی دەرماڵەو دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەکەن.

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی

خوێندكارە خۆشەویستەكانی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان

‏‎بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی پرشنگدارتان بۆ دەخوازم.‏‎

‏‎لە ساڵی رابردوودا بەدیداری یەكتر شادبووین و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەكانم پێدان، بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كێشەكانمان چارەسەركرد.

‏‎ئێستاش بە بڕوای تەواوم بە رۆڵ و پێگەی ئێوە لە ئێستا و داهاتووی وڵاتەكەماندا، بەڵێنتان بۆ دووپات دەكەمەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندنیشتان، بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵشپت و پشتیوانتان دەبین.

‏‎خوێندكارانی ئازیز

‏‎ئێوە ئەو نەوە فێرخواز و داهێنەرەن كە وڵاتەكەمان پێویستی بە توانا و لێهاتووییەكانی ئێوەیە و ئومێدی گەورەمان لەسەر داهاتووی ئێوە هەڵچنیووە. هەر بۆیە بەدیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین وهاوشێوەی رابردوو لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.

‏‎پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت. داواكارم هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی ئاسایشی ئێوە و هاوكاریكردنی خەڵكە خۆشەویستەكەمان.

‏‎پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.

‏‎دڵسۆزتان

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

‏‎سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

‏‎١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢