پەرەگراف لە ڕیزبەندیی ئەو میدیایانەدا نییە كە هەواڵی ساختەیان بڵاو كردووەتەوە

13-11-2022 12:03

پەرەگراف

ڕێكخراوێك لە ڕێگەی چاودێریكردنێكی یەكساڵەوە، ئەو میدیایانە ڕیزبەندی دەكات كە هەواڵی ساختەیان بڵاو كردووەتەوە، لەناو ئەو ڕیزبەندییەدا كە 36 میدیان، ناوی پەرەگراف نەهاتووە. سەرۆكی ڕێكخراوەكە دەڵێت "بە دڵنیاییەوە پەرەگرافیش چاودێری كراوە".

سەبارەت بە پەرگراف و ئەو میدیایانەی دیكەش كە ناویان لە ڕیزبەنیدییەكەدا نەهاتووە، سەرۆكی ڕێكخراوەكە دەڵێت "مەرج نییە بابەتی ساختەیان نەبووبێت، ڕەنگە بابەتی ساختەیان هەبووبێت، بەڵام كاردانەوەی خەڵكی زۆر لەسەر نەبووبێت".

ڕێكخراوی پاسەوان بۆ توێژینەوە لە سیاسەتە گشتییەكان لەناویشیاندا چەمكی میدیا، ڕاپۆرتێكی درێژی لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وردەكارییەكەی بڵاو دەكاتەوە.

هەرێم كەریم، سەرۆكی ڕێكخراوی پاسەوان، بۆ پەرەگراف وتی "لە مانگی ١١ی ٢٠٢١ـەوە دەستمان بە پرۆسەكە كردووە. لەبەر ئەوەی تواناكانمان لەم قۆناغەدا سنووردارە، تەنیا ئەو بابەت و هەواڵانەمان چاودێری كردووە كە زۆرترین كاردانەوەی خەڵكی لەسەر بووە، یان زۆرترین كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگا هەیە".

وەكوو سەرۆكی ڕێكخراوی پاسەوان ڕوونی كردەوە، كارەكانی پرۆسەی چاودێریی میدیاكان، لەلایەن "تیمێكی ڕۆژنامەوان"ـە ئەنجام دراوە. تیمەكە "بەدواداچوونی مەیدانییان كردووە و پشتڕاستی كارەكانیان كردووەتەوە".

ڕێكخراوكە لە ماوەی یەك ساڵدا "٢٥٧ ڕاپۆرت"ی لەسەر بابەت و هەواڵی ساختە پشتڕاست كردووەتەوە. هەرێم كەریم دەڵێت "ئەو ڕاپۆرتانە بەشێكی هەواڵ و زانیارییە، بەشێكی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنییە، بەشێكی لە سوشیال میدیایە".

"نزیكەی ١٧٠ میدیا و پەیج بابەتی ساختەیان هەبووە، هەندێك پەیج كە یەك بابەتی ساختەی هەبووە، ئێمە بە پێویستمان نەزانیوە ئاماژەی پێ بدەین، بەڵام ئەوانەی كە زۆرترین بابەتی ساخەیان بڵاو كردووەتەوە، بە گرافیكێك ڕیزبەندی كراون كە ٣٦ دانەن"، ھەرێم كەریم بۆ پەرەگراف وای وت.

سەرۆكی ڕێكخراوی پاسەوان وتیشی "لە ڕاپۆرتە درێژەكەدا كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە سێ‌ بەش بڵاوی دەكەینەوە، بۆ ئەو ٢٥٧ بابەت و هەواڵەی كە دیاریكراون، پێكەوە ساختەكە و ڕاستەكەی تێدایە".

ھەرێم كەریم بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "تیمێك بەبێ لایەنگری چاودێریی هەموو میدیاكانی كردووە، بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ لایەن و ئاراستەیەكی سیاسی و ئایینی".