كەسوكاری مێرمنداڵێك: كوڕەكەمان لە دەستگیركردندا ئەشكەنجە دراوە و لە زیندان خنكێنراوە. پۆلیسی سلێمانی: لیژنەمان پێكهێناوە
پەرەگراف
كەسوكاری مێرمنداڵێك كە لە زیندانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانی لەدەست داوە، دەڵێن "كوڕەكەمان لە كاتی دەستگیركردندا بە دەمانچە، قۆناغە تفەنگ و شەق لێی دراوە و لەناو زیندانیشدا خنكێنراوە". وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "لیژنە پێكهێنراوە و هەركەس كەمتەرخەم بێت ڕێكاری یاسایی لە بەرانبەری دەگیرێتە بەر".
كەسوكاری ئەو مێرمنداڵە كە ناوی (سەهەند ئەحمەد)ـە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "كوڕەكەمان تەمەنی 17 ساڵە و لەسەر شەڕكردن لە پۆلیسی سەرچنار دەستگیر كراوە. چوار بۆ پێنج پۆلیس دوای ئەم مێرمندداڵە كەوتوون و لە كاتی دەستگیركردندا لێیان داوە".
"شایەتحاڵمان هەیە كە بە پێنج پۆلیس بە مسكە دەمانچە و قۆناغە تفەنگ و شەق لێیان داوە. ئازار و ئەشكەنجەیان داوە. خەڵك وتوویانە بۆ لێی دەدەن، وتوویانە پەیوەندی بە ئێوەوە نییە"، كەسواری مێرمنداڵەكە وایان وت.
ئەوان وتیشیان "كوڕەكەمان بەپێی خۆی براوەتە پۆلیسی سەرچنار، لە زینداندا خنكاندوویانە و كوشتوویانە. كامێرای كۆڵانەكانیان هەمووی سڕیوەتەوە. ئەڵێین كامێرای ناو زیندانەكەمان بۆ لێبدەنەوە، دەڵێن كامێراكە ئیش ناكات، چۆن شتی وا دەبێت كامێرای ژووی زیندان ئیش نەكات؟!".
كەسوكاری سەهەند ئەحمەد تەرمی كوڕەكەیان ناشتووە و پرسەیان بۆ دانەناوە. باسیان لەوە كرد كە تەرمەكەی "شوێنەوای ئەشكەنجە بە سەر برۆ و ڕوومەت و لووتیەوە دیار بووە"
هەروەها وتیان "بەحساب لە كاتژمێر یەك و 30 خولەك گیانی لەدەست داوە، كاتژمێر شەش و 30 خولەك ئێمەیان ئاگادار كردووەتەوە".
لەبارەی ڕووداوەكەوە، سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "لیژنەیەك لە پۆلیس پێكهێنراوە لەسەر چۆنێتیی دەستگیركردنی ئەم كوڕە و گیانلەدەستدانی. كاك قوباد تاڵەبانییش تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەری پۆلیس كردووە و لەسەر خەتە".
وتەبێژی پۆلیس جەختی كردەوە كە "هەر كەسێك كەمتەرخەم بێت لە گیانلەدەستدانی ئەو كوڕە، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر".