هێزه ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بوونەوە

13-11-2022 01:44

پەرەگراف- هەردی عوسمان

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی توندوتیژی لێکەوتەوەو هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو بڵاوەیان بە خۆپیشاندان لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا کرد، خوێندکاران لە دووڕیانی سەرچنار بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خوێندکاران لەبەردەم زانکۆی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانەیان، پاشان بە شەقامی سەرەکیی بەردەم زانکۆدا بە ڕێپێوان بەرەو بینای پارێزگاو ناوەندی شار بەڕێکەوتن و شەقامی سەرەکیی داخرا.

لە نزیک پردی خەسرەوخاڵ توندوتیژی لە نێوان خوێندکاران و هێزەئەمنییەکان دروستبوو، بە گازی فرمێسکڕێژو ئاو هەوڵدرا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکرێت، بەڵام هێشتا خۆپیشاندان لە نزیک دووڕێیانی سەرچنار بەردەوامە.

خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان لە چەند ناوچەیەکی کوردستان چەند ڕۆژێکە دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی کردووەو داوای پێدانی دەرماڵەو دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەکەن.

دروستبوونی توندوتیژی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی بۆ ناڕەزایی و فشارەکانی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان ڕاگەیاندو وتی: بە دیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین.

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا بۆ خوێندکاران وتیشی: پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت.