سەنتەری میترۆ: هێزی نەناسراو لە سلێمانی پەلاماری تیمەكانی ڕاگەیاندن دەدەن

13-11-2022 04:18
دیمەنێک لە ئاسەواری لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانی کە توندوتیژی لێکەوتەوە. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، هێزێکی نەناسراو كە هیچ ناسنامەیەكیان هەڵنەواسیوە وەك ئەوەی كە ئاسایش و پۆلیسی پێدەناسرێنەوە، لەکاتیڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی پەلاماری ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسیانداوەو دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.

میترۆ داوای ڕوونکردنەوە لە لیژنەی ئەمنیی سلێمانی دەکات و دەڵێت "بوونی هێزی نەناسراو لەناو خۆپیشاندان، كە هیچ جۆرە هێمایەكیانهەڵنەواسیبێت، توندوتیژی بەرامبەر تیمەكانی راگەیاند ئەنجامبدەن، پێشهاتێكی ترسناكە بۆ مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاكی مەدەنییدا".

ڕاگەیەندراوی سەنتەری میترۆ لەوبارەیەوە

13ی تشرینی دووهەمی 2022: سەنتەری میترۆ ئیدانەی دەستدرێژی و دەستبەسەركردن و زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكانی راگەیاندن دەكات لە لایەن "هێزێكی نەناسراو" لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگایسلێمانی دەكات روونكردنەوە بۆرای گشتی بدەن.

ئەمرۆ یەكشەممە 13ـی 11ـی 2022 بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان كردو هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ هەوڵیان دا بڵاوەیان پێكردن و بەشێكیان هاتنە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەر شەقامی سالم.

چەند رۆژنامەنوسێك بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند، لە دەوروبەری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە لایەن چەند گروپێكەوە پەلاماردراون كە هیچ ناسنامەیەكیان هەڵنەواسیوە وەك ئەوەی كە ئاسایش و پۆلیسی پێدەناسرێنەوە.

بڕیار نامیق پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لە پەخشی راستەوخۆدا بووە كاتێك كە هێزیك بە بەرگی مەدەنییەوە داواین لێكردوە پەخش رابگرێت ووتی"پێم ووتن بەسەرچاو باكۆتایی پێبێنم پاشان بەجوێندان پەلاماریان داین" جەختیكردەوە" پەلاماری هەردوو وێنەگركەم ، رێبین فەریق و ژیار كامیل یان داو كامێراكەیان زەوتكردین".

تا ئێستا كامێراو ئامێری پەخشی راستەوخۆی كەناڵی كەی ئێن ئێن لای ئەو هێزەیەو سەنتەری میترۆ نازانێت لەكام دەزگا داوایان بكاتەوەوبیگەڕێنێتەوە بۆ كەناڵەكە.

بەهەمان شێوە هێزێكی تر بە بەرگی مەدەنی پەلاماری تیمی وێستگە نیوزی داو،  دەستبەسەری كردوون و دەستیان بەسەر كەلەپەلیرۆژنامەوانییان گیراوە، تیمەكە راپێچ كراوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلێك بۆ ماوەی نیو كاتژمێر.

زانیار مەریوان، وێنەگری وێستگە نیوز بە میترۆی وت "هێزەكە بەوەشەوە نەوەستان داوایان لێدەكردم پەیوەندی بكەم بە پەیامنێرەكەمان تادەستبەسەری بكەن".

لە لایەكی ترەوە هێزێكی ئاسایشی ناوخۆ، لە نزیك مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامنێری وێستگە نیوز (لەنیا بەخیتار) راپێچی ناوئۆتۆمبێلەكەیان دەكەن و دەیانبەنە كۆڵانێكی پشت دادگای سلێمانی و پێیان دەڵێن ئێستا دەتوانن بڕۆنەوە.

لەنیا بە میترۆی وت "چەند خوێنكارێكی زانكۆیش لەناو هەمان ئۆتۆمبێل بووین، كە لە ئۆمبێلەكە دابەزیین پێیان ووتین: نەتانبینینەوە".

ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر تیمەكانی راگەیاند پێچەوانەی بڕگەی چوارەمە لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان،"رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە ئیدانەی دەستدرێژی و دەستبەسەركردن و زەوتكردنی كەلەپەلی رۆژنامەوانی تیمەكانی راگەیاندن دەكات لەلایەن هێزێكی نەناسراو لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەكاتروونكردنەوە بۆ رای گشتی بدات.

بوونی هێزی نەناسراو لەناو خۆپیشاندان، كە هیچ جۆرە هێمایەكیان هەڵنەواسیبێت، توندوتیژی بەرامبەر تیمەكانی راگەیاند ئەنجامبدەن،پێشهاتێكی ترسناكە بۆ مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاكی مەدەنییدا.