خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی بەردەوامەو هێزە ئەمنییەکان ڕێگە بە ڕووماڵی میدیاکان نادەن
پەرەگراف- هەردی عوسمان
خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان لە سلێمانی بەردەوامن لە خۆپیشاندان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.
داواکاریی سەرەکی خوێندکاران پێدانی دەرماڵەی مانگانەو بەیاساییکردنیەتی.
هاوکات ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی پشتیوانی بۆ داواکارییەکانی خوێندکاران دەربڕی بەتایبەت پێدانی دەرماڵەو پشتیوانیی دارایی، ڕایگەیاند: لەبەر پاراستنی سەرو گیانی خوێندکاران و ئاسایش و ئارامی زانکۆ و دروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی خوێندن لە سەرجەم کۆلێجەکان لە ڕۆژی ٣ شەممە ١٥-١١-٢٠٢٢ و ڕۆژانی دواتر.
پەیامنێری پەرەگراف لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە کەمپی کۆن و نوێی زانکۆی سلێمانی و پەیمانگای تەکنیکی لە بەختیاری و زانکۆی پۆلیتەکنیکی لە گەڕەکی چوارچرا خۆپیشاندان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن کراوە.
لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداوەو بەرد و گازی فرمێسکڕێژ و ئاوپرژێن بەکارهاتووە.
هێزی ئەمنیی بە فراوانی لە نزیک ئەو زانکۆو پەیمانگایانە بڵاوەیان پێکراوەو ڕێگریی لە ڕووماڵی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن.
دوێنێش خوێندکاران بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو ڕوبەڕویان بوونەوەو توندوتیژی لێکەوتەوە.