ئەمەریکا بەتووندی ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێران دەکات بۆسەر ھەرێمی کوردستان

14-11-2022 07:21
ئاسەواری بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ئێران

پەرەگراف

 

ئەمەریکا ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێران دەکات و داوای ڕاگرتنیان دەکات، ئێرانیش سوورە لەسەر بێدەنگ نەبوون بەرامبەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەنگاوەکانی بە پاراستنی ئاسایشی خۆی ناودەبات.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر ڕایگەیاند، ئەمریکا هێرشی موشەکی و درۆنیی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لەو وڵاتە دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی و خەڵکی عێراق بوەستێنێت.

ئەمەریکا دەشڵێت، هاوشانی سەرکردەکانی عێراق لە بەغداد و هەرێمی کوردستان ڕادەوەستن و ئیدانەی ئەو پێشێلکاریانە دەکەن.

لایخۆیەوە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی جەخت دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت ڕووبەڕووی گوند و شارە سنوورییەکانی دەبێتەوە، هەروەها لە چالاکییەکانی گرووپە جوداخوازەکان لەناو خاکیهەرێم، بێدەنگ نابێت.

کەنعانی، وتیشی "ئێران لە چوارچێوەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەرگری لە ئاسایشی خۆی و هاووڵاتییەکانی دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاو نراوە".

بۆردومانی ئەمڕۆ سوپای پاسداران بۆسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم دوو شەهیدو هەشت برینداری لێکەوتەوە.

ئەوە دووەمجارە ئێران بۆردومانی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات دەکات لە ھەرێم لەوکاتەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە سەریان ھەڵداوە بەھۆی مەرگی ژینا ئەمینی.