پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی کێشەی 'نیساب'ی ھەیە

15-11-2022 12:53

پەرەگراف

پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی کێشەی "نیساب"ی ھەیە، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: بە پاڕانەوە نیسابمان ھێشتوەتەوەو ٥٦ ئەندام لە ژورەوەیە بۆئەوەی دەنگ بدرێت.

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێرکاری و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەکی دیکە، ئەوەیەکەم کۆبوونەوەیە لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.

٦ی ئەم مانگە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ھات، بەرلەوە بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە.

رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە توڕەییەوە وتی، دووجار دەنگدانمان راگرتووە لەبەر ئەوەی نیساب نییە. فراکسیۆن ھەیە دوو ئەندامی لە ژورەوەیە.

"نایەڵین ھیچ ئەندامێکی پەرلەمان لەودەرگایە بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی نیسابەکە تێکنەچێت" سەرۆکی پەرلەمان وای وت.