لە دوو ڕۆژدا حەوت خۆپیشاندەری دیكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیان لەدەست داوە

16-11-2022 11:41

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران 61 ڕۆژی تێپەڕاند. لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەی دواییدا بەلای كەمەوە حەوت هاووڵاتیی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە "تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران" گیانیان لەدەست داوە. ئەمشەو خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچكەی ڕۆژهەڵات بەردەوامە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ناسنامەی ئەو حەوت خۆپیشاندەرەی ئاشكرا كردووە كە دوایینیان "دانیاڵ پایبەندی، مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ"ـە، كە لە گەڕەكی كەریمئابادی شاری سەقز بە "تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكومەتی ئێران" گیانی لەدەست داوە.

ڕێكخراوەكە لە دوایین زانیاریدا لە تویتەر دەڵێت "لە خۆپیشاندانەكانی ئەمشەوی بۆكان بەلای كەمەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە".

لە دوێنێوە مانگرتن و خۆپیشاندانی بەردەوام لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە "كرماشان، سنە، بانە، سەقز، كامێران، مەریوان، ڕوانسەر، دێولان، شنۆ، جوانڕۆ، مهاباد و بۆكان" بەڕێوە دەچێت.

لە شاری بۆكان بۆ دووەمین شەوی لەدوای یەك هەزاران كەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكان كرد و زۆرێك لە شەقامەكانی شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد. لە ئەنجامی پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. محەمەد حەسەنزادەی تەمەن 28 ساڵ یەكێكە لە گیانبەختكردوان.

هەر ئەمشەو لە شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام و شاری بیجاڕ سەر بە پارێزگای كوردستان (سنە) خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوە چوو. لە شاری ئابدانان گۆڕەپانی بەسیج لەلایەن خەڵكەوە سووتێندرا.

عیسا بیگلەری و زانیار ئەڵڵامورادی لە سنە، فواد محەممەدی لە كامێران، بورهان كەریمی و سالار موجاور لە بۆكان، ئەو پێنج كەسەی دیكەن كە لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ و دوێنێدا گیانیان لەدەست داوە.

جگە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، لە تارانی پایتەخت و پارێزگاكانی (هورمزگان، هەمەدان، مازەندەران، ئیسفەهان، تەبرێز، فارس، زنجان، بوشەهر، هەمەدان و مەركەزی)ی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامە.