ڕێبەر ئەحمەد: یەكێتی لە هەموو پرۆسەی ئیدارەكردنی حومكڕانی بەشدارە و لە ڕاگەیاندنەكانەوە گلەیی دەكات

17-11-2022 01:50

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە لە پشكی پارتییە، ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا نازانن كێشەی یەكێتی چییە و لەچی ناڕازییە. ڕێبەر ئەحمەد ڕەخنە لە یەكێتی دەگرێت كە "لە هەموو پرۆسەی ئیدارەكردنی حومكڕانی و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران" بەشدارە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكانەوە گلەیی دەكات.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆك، وتی "ئێستاش تێناگەین كێشەی برادەرانی یەكێتی لەگەڵ پارتی چییە، ئەگەر كێشەیەكی دیاریكراوی سیاسی هەیە، دەبێت بە ئێمە بوترێت، ناكرێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە گلەیی لە پارتی بكرێت، لەكاتێكدا لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا باسی هیچ كێشەیەك ناكرێت".

ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە "پارتی كێشەی لەگەڵ هیچ حزبێكی هەرێمی كوردستاندا نییە، ئەو لایەنە سیاسییەی كە كێشەی هەیە، پێویستە بزانین كێشەی لەگەڵ چی هەیە".

"ئەگەر كێشەیەك لەگەڵ ئەدای حكومەت هەیە، دەبێت ئەو بەڕێزانە بێن، چونكە ئەوان نەیانوتووە، تێكەڵیان كردووە لەگەڵ ئەوەی ئایا كێشە لەگەڵ حكومەتە یان لەگەڵ پارتی"، وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت.

وەكوو ئەو وەزیرەی پارتی باسی كرد، بەرپرسانی یەكێتی "دەڵێن لە ئەدای ئەنجومەنی وەزیران ناڕازین، لە حاڵەتێكدا تا ئێستا لە كۆبوونەوە فەرمییەكان لەگەڵ كوتلەی پارتی لە حكومەت، ئەو كێشانەیان باس نەكردووە".

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕەخنە لە یەكێتی دەگرێت كە "لە هەموو پرۆسەی ئیدارەكردنی ئەم حومكڕانییە بەشدارن، بڕیارەكان لە ئەنجومەنی وەزیران بە بەشداری هەموو لایەك دەدرێت، لە بڕیاری سیاسی ‌و ئابوری ‌و ئەمنیدا بەشدارن، دواتر دەیكەن بە بابەتێكی سیاسی ‌و دەڵێن پارتی قۆرغكاری لە دەسەڵاتدا كردووە ".

سەبارەت بەوەی كە پارتی و حكومەت تۆمەتبار دەكرێن بە "گەمارۆ خستنە سەر سلێمانی"، ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت "بەڕاستی ئێمەش یەك دنیا پرسیارمان هەیە لەسەر زۆر بابەت كە لە سلێمانی ڕوو دەدەن. پێویستە ئەوانەی سلێمانی ئیدارە دەكەن، ئەو دەسەڵاتەی لەوێ هەیە، وەڵامدەرەوە بێت بۆ خەڵكی سلێمانی‌ و بۆ لایەنە سیاسییەكانیش".

"پارتی نە كارمەندێك، نە مودیرێك، نە دەزگایەكی ئەمنیی لە سلێمانی بەدەستەوە نییە، هیچ دەسەڵاتێكی ئیداری ‌و ئەمنی لە سلێمانی بەدەست پارتی نییە، بەڵام داوا دەكەن پارتی بارودۆخی سلێمانی چاك بكات! ئێ وەرە با حوكمڕانییەكی دروست لە سلێمانی بكەین، هەموومان بەیەكەوە ئیدارەی هەموو شارەكان بكەین"، وەزیری ناوخۆ وای وت.

ڕێبەری ئەحمەد پێشنیازیشی كرد كە "ئیدارەی سلێمانی وەكوو ئیدارەی هەولێری لێ بكرێت و ئەزمونی هەولێر ‌و دهۆك بۆ سلێمانی ‌و گەرمیان ‌و ڕاپەڕین‌ و هەڵەبجە بگوازرێتەوە".

وەزیری ناوخۆ باسیشی لە پرسی پێكهێنانی هێزێك بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان كرد كە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و دوای نزیكەی دوو ساڵ هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە، لەوباریەوە وتی "من ‌و وەزیری پێشمەرگە دانیشتین هێزێكمان دروست كرد، لە ئەنجامدا لە سلێمانی بە ئێمەیان وت: ئەگەر ئەم هێزە بێتە سنوورەكە، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت".