خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ سێ خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست دا

17-11-2022 05:18
خۆپیشاندان لە سنە. فۆتۆ: ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

پەرەگراف

خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە و لە سنە و بۆكان پێكدادانی توند لە نێوان خەڵك و هێزە ئەمنییەكان ڕووی دا. ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن "سێ‌ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەتی ئێران گیانیان لەدەست داوە و ئەندامێكی ئەو هێزانەش كوژراوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە "لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا دوو هاووڵاتی لە سنە بە ناوەكانی شاهۆ بەهمەنی و ئارام حەبیبی و هاووڵاتییەك لە بۆكان گیانیان لەدەست داوە. ئەندامێكی هێزەكانی سەر بە حكومەتیش لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی شاری سنەدا كوژراوە".

لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا بەلای كەمەوە 12 خۆپیشاندەری كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست داوە، پێنج كەس لە بۆكان، چواركەس لە سنە، دوو كەس لە كامێران و كەسێك لە سەقز گیانلەدەستدانیان پشتڕاست كراوەتەوە، لەو ژمارەیە نۆ قوربانییان لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بووە.

بەیانیی ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی بازاڕەكان لە شارەكانی سنە، مەریوان، ئیلام، كرماشان، بانە، بۆكان، سەقز، مهاباد، ئابادان، سەرپێڵی زەهاو، جوانڕۆ، ڕوانسەر، كامێران، دێولان، قروە، بیجار، شنۆ، سەردەشت و دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوو.

لە 62ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەكان، هەزاران كەس لە هاووڵاتیانی شاری سنە، پاش چلەی ماتەمینیی چوار كەس لە گیانبەختكردووانی خۆپیشاندانەكان، هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان دەست پێ‌ كردووەتەوە.

لە شاری بۆكانیش كە سێ‌ ڕۆژە خۆپیشاندانی بەردەوام بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆیش لە پاش گیانلەدەستدان و ناشتنی تەرمی چەند خۆپیشاندەرێك، هاتنەوە سەر شەقام و ڕێكخراوی هەنگاو دەڵێت "بینای شارەوانیی بۆكان لەلایەن خەڵكەوە كۆنترۆڵ كراوە".

هاوكات لە شارۆچكەی سەرابلە سەر بە پارێزگای ئیلام، خۆپیشاندان دەستی پێ‌ كردووە و بینایەكی حكومی سووتێنراوە.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە خۆپیشاندانی فراوان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و چەندین شاری دیكەی ئێران بەڕێوە دەچێت. لەم سێ‌ ڕۆژەدا زیاتر لە 10 خۆپیشاندەری كورد گیانیان لەدەست داوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەكدارە حكومەتییەكان بە شێوەیەكی دڕندانە هێرشیان كردووەتە سەر ڕاپەڕینی خەڵك لە شاری بۆكان، لە ئاكامی ئەو هێرشەدا چوار هاووڵاتی بە ناوەكانی سالار موجاور، ئەسعەد ڕەحیمی، محەممەد حسێنزادە و سامان قادربەیگی گیانیان بەخت كردووە".

دانیاڵ پایبەندی، مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵی خەڵكە سەقز، عیسا بیگلەری و زانیار ئەڵڵامورادی لە سنە، فواد محەممەدی و بورهان كەرەمی لە كامێران، پێنجی دیكە لە گیانبەختكردووانی خۆپیشاندانەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوون. هێشتا ناسنامەی ژمارەیەكیشیان نەزانراوە.

بەپێی دوایین ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر و لە 15-11-2022 بڵاوی كردووەتەوە، 66 هاووڵاتیی كورد لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا گیانیان لەدەست داوە، كە 11 منداڵ و حەوت ژنیان لەناودایە. 15 ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیش كوژراون

خۆپیشاندانەكان 39 شار و 11 زانكۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە و تێیدا زیاتر لە چوار هەزار و 300 كەس دەستگیر كراون.

بەپێی ئامارەكانی سێ‌ ڕۆژی ڕابردوو، ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە گیانیان لەدەست داوە بۆ نزیكەی 80 كەس و ژمارەی ئەندامی هێزە چەكدارەكانی حكومەتی ئێران كە كوژراون بۆ 17 كەس بەرز بوونەتەوە.

جگە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەم سێ‌ ڕۆژەی دواییدا لە تارانی پایتەخت و زۆرێك لە پارێزگاكانی دیكەی ئێران لەوانە پارێزگاكانی (هورمزگان، هەمەدان، مازەندەران، ئیسفەهان، تەبرێز، فارس، زنجان، خوزستان، بوشەهر، یەزد، خۆراسانی ڕەزەوی، هەمەدان و مەركەزی) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام بووە.

بەپێی زانیاریی هەندێك میدیای ئێران، لە شاری ئیزە لە پارێزگای خوزستان، هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێك كردووە و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ بە ناوی كیان پیرفەلەك، گیانی لەدەست داوە و باوكیشی بە سەختی برندار بووە. هەروەها گەنجێكی خەڵكی شیراز بە ناوی میلاد خوشكام گیانی لەدەست داوە.

بەپێی دوایین ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كە دوێنێ‌ 16-11-2022 بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەست داوە "بەلای كەمەوە گەیشتووەتەوە 342 كەس، كە 43 منداڵ و 26 ژنیان لەناودایە".