قوباد تاڵەبانی نیگەرانییەکانی دەگەیەنێتە مەسعود بارزانی

17-11-2022 07:37

پەرەگراف

ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و یەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی کردووە.

زێباری بۆ کوردستان٢٤ ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی ١٤ی پارتی، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەستپێدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وتیشی، لەگەڵ یەکێتی کۆمەڵێک کێشە ھەن کە بوونەتەھۆی دروستبوونی گرژیی لەوانە کێشەی ئەمنیی و حکومڕانی، ئەوانەش قابیلی گفتوگۆن.

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆلای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی بەھۆی نیگەرانییەکانیەوە وەک سەرۆکی تیمی وەزاریی یەکێتی بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.

لەدوای کوژرانی ھاوکار جاف لە ھەولێرو تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی ئەوکارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە، گرژییەکانی پارتی و یەکێتی پەرەیان سەند.

پاشان ڕووداوێکی دیکە ھێندەی دیکە گرژییەکانی زیادکرد، ئەویش جوڵاندنی ھێزبوو لەلایەن ئەژی ئەمین بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی لە ھەولێر، لەکاردانەوەی ئەوەی لە سلێمانی یەکێتی چوونەسەر ماڵی ئەژی ئەمین و دایکی بە پاساوی گەڕان بەدوای بەڵگەنامەو ئەرشیفی دەزگای زانیاریی کە ئەژی ئەمین لەگەڵخۆیدا بردبێتی.

ھەرچەندە یەکێتی بە فەرمی بڕیاری دەرکردنی ئەژی ئەمینی لە حیزبەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو لە ھەولێرەوە بەردەوامە لە کارکردن وەک سەرۆکی دەزگای زانیاریی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم کە پۆستی یەکێتییەو پارتی پشتیوانی ئەژی ئەمین دەکات نەک جەلال شێخ ناجی کە یەکێتی دایناوە لە جێگەی ئەژی ئەمین لەو پۆستەدا.

جوڵەی هێز بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی تەواوی ناوبراوی لە مەسرور بارزانی لێکەوتەوەو هۆکاری سەرەکی بوو لە بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ پشتیوانیی ئەژی ئەمین دەکات بۆ بەردەوامبوونی لە ئەنجومەنی ئاسایش.