تەقینەوەیەک لە سلێمانی ڕوویدا؛ گیانلەدەستدان و بریندار ھەن

17-11-2022 08:30
وێنەی ئاسەواری تەقینەوەکەی ئەمشەوی گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی

پەرەگراف

ئەمشەو لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تەقینەوەیەک ڕوویدا، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ١٥ کەسی دیکەش بریندارن".

ئەو سەرچاوەیە وتی "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە بەھۆی لێچوونی گازی شلی ماڵێکەوە بووەو سێ خانوو و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل زیانی زۆریان بەرکەوتووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "یەکێک لەو ماڵانە میوانیان ھەبووەو قەرەباڵخ بوون، ھێشتا چەندکەسێک لەژێر داروپەردوی خانووەکەدان".

هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف چووەشوێنی ڕووداوەکەو دەڵێت، ئەو ماڵەی تانکیی گازەکەی تێدا تەقیوەتەوە سێ نھۆم بووەو بە تەواوەتی خاپوور بووە، دوو ماڵی دیکەی دراوسێشیان زیانیان بەرکەوتووەو چۆڵکراون، چەند ئۆتۆمبێلێکیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.