پارێزگاری سلێمانی: ١١ کەس لە ڕووداوەکەی گەڕەکی کازیوە گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەس بریندارن

18-11-2022 11:17

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، چارەنووسی ٢٣ کەس لە تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی گەڕەکی کازیوە یەکلایی کراوەتەوە، ١١ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەس بریندارن.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، گەڕان بە دوای بێسەروشوێنانی ڕووداوەکە بەردەوامە کە ژمارەیان بە تەواوی دیار نییە، بەڵام کەسوکاریان دەڵێن "چوار کەس ماون کە بێسەروشوێنن". ھەروەھا هەشت لە بریندارەکان ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.

بەپێی زانیاریی پشتڕاست کراوەی دەزگا ئەمنییەکان، تەقینەوەکە بەھۆی لێچوونی سیستمی گازی شلی ماڵێکەوە بووە، ئەو ماڵە بە تەواوی خاپوور بووە. لەو کاتەدا کۆبوونەوەی خێزانییان ھەبووە و میواندار و قەرەباڵخ بوون، ئەوەش ھۆکاری بەرزیی ژمارەی قوربانییەکانە.

هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف، شەوی ڕابردوو چووە شوێنی ڕووداوەکە و دەڵێت، ئەو ماڵەی تانکیی گازەکەی تێدا تەقیوەتەوە، سێ نھۆم بووە و بە تەواوەتی خاپوور بووە، دوو ماڵی دیکەی دراوسێشیان زیانیان بەرکەوتووە و چۆڵ کراون، چەند ئۆتۆمبێلێکیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.