بەرگری شارستانی سلێمانی: کۆتا تەرممان دەرهێناو ١٥ کەس گیانیان لەدەست داوە

18-11-2022 01:28

پەرەگراف

بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند، کۆتا تەرمی ڕووداوی تەقینەوەی ماڵەکەی گەڕەکی کازیوەیان دەرهێناو ١٥کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی، وتیشی "وەستاکە ھۆکاری تەقینەوەکە بووەو مۆڵەتی کارکردنی نەبووەو دەستکاریی سیستمی شۆفاژەکەی کردووە".

بەکۆی گشتی ٢٥ کەسی ئەو خێزانەو دوو کەسی دیکە کە وەستای شۆفاژەکە و هاوسەرەکەی بوون، لە ماڵەکەدا بوون، ١٥ کەس گیانیانلەدەست داوە و ١٢ کەس بریندارن.

تەقینەوەکە بەھۆی لێچوونی سیستمی گازی شلی ئەو ماڵەوە بووە، خانووەکە بە تەواوی خاپوور بووە. لەو کاتەدا کۆبوونەوەی خێزانییان ھەبووە و میواندار و قەرەباڵخ بوون، ئەوەش ھۆکاری بەرزیی ژمارەی قوربانییەکانە.

هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف، شەوی ڕابردوو دوای ڕووداوەکە چووە شوێنی ڕووداوەکە و دەڵێت، ئەوماڵەی تەقیوەتەوە، سێ نھۆم بووە و بە تەواوەتی خاپوور بووە، دوو ماڵی دیکەی دراوسێشیان زیانیان بەرکەوتووە و چۆڵ کراون، چەند ئۆتۆمبێلێکیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.