بە وێنەو ڤیدیۆ؛ تەرمی قوربانییانی تەقینەوەکەی سلێمانی بە خاک سپێردران

19-11-2022 12:23
تەرمەکان بە تەنیشت یەکەوە بەخاک سپێردران. وێنە؛ هەردی عوسمان، پەرەگراف.

پەرەگراف

لە ناو ئاپۆڕایەکی فراوانی خەڵکدا لە شاری سلێمانی تەرمی ئەو ١٥ کەسە بەخاک سپێردران کە لە تەقینەوەی خانووەکەی گەڕەکی کازیوەدا گیانیان لەدەستدا.

تەرمەکان بەیانیی ئەمڕۆ لە مزگەوتی شێخی سیرێ نوێژیان لەسەر کراو پاشان برانە گۆڕستانی کەڵەکن.

هەر ١٥ تەرمەکە بە تەنیشت یەکەوە بەخاک سپێردران، کەسوکارو خەڵکێکی زۆرو بەرپرسانی حکومی و حیزبی بە خەمباریی و دڵتەنگییەکی زۆرەوە ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

تەقینەوەکە بەھۆی لێچوونی سیستمی گازی شلی ئەو ماڵەوە بوو کە سێ نهۆم بووەو بە تەواوی خاپوور بوو، لەو کاتەدا کۆبوونەوەی خێزانییان ھەبووە و میواندار و قەرەباڵخ بوون، ئەوەش ھۆکاری بەرزیی ژمارەی قوربانییەکانە کە ١٥ گیان لەدەستدان و ١٢ برینداربوون.

هەر لەو ڕووداوەدا چەند خانوویەکی دیکەو چەند ئۆتۆمبێلێکیش زیانی زۆریان بەرکەوت.