ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیاریکران

19-11-2022 01:53

پەرەگراف

میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەدا، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەكتەبی سیاسی دیاریکران.

 هەریەکە لە؛ فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، سیداد بارزانی و مەحمود محەمەد، دیاریکراون وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ١٢ی ئەم مانگە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی هەڵبژارد کە لە کۆی ١٧ ئەندام ١٠یان نوێ بوون و یەکەمجارە دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و حەوتەکەی دیکەیان ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی بوون.

١٠ ئەندامە نوێیەکە بریتی بوون لە؛ سیداد بارزانی، هێمن هەورامی، هیوا ئەحمەد مستەفا، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد هادی، ئامینە زکری، سەربەست لەزگین، پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و فوئاد حوسێن.

هەروەها فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، هوشیار زێباری، زەعیم عەلی، رێبوار یەڵدا، مەحمود محەمەدو کەمال کەرکوکی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرانەوە.

پارتی لە ٣ی ئەم مانگە کۆنگرەی 14ی لە دهۆک بەست، لە کۆنگرەدا مەسعود بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو بۆیەکەمجار  سەرۆک دوو جێگری بۆ دانرا، نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆک دیاریکران.