نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە دەبێت لەماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت

19-11-2022 07:06

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ھیوادارە حیزبەکان لەسەر پرسی ھەڵبژاردن رێکبکەون و ئێستا کە ماوەی پەرلەمان درێژکراوەتەوە بۆ ساڵێک، "بە دڵنیاییەوە دەبێت لەو ساڵەدا هەڵبژاردن بکرێت".

ئەو وتانەی سەرۆکی ھەرێم لە دوای سەردانی بوو بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بۆ بەسەرکردنەوەی بریندارەکانی تەقینەوەکەی سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرەخۆشی و بەشداریی لە پرسەی قوربانییانی تەقینەوەکە سەردانی ئەوشارەی کرد.

نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بە ڕۆژنامەنووسانی وت، حیزبەکان بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە و ناکرێت هەموو وەک یەک بیر بکەنەوە، وتی "ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەست بە دانوستاندن و سەردانی حیزبەکانیش دەکەین. بە دڵنیاییەوەهەوڵی جدی دەدرێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەی دیالۆگ و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و سەردانی یەکێتی و حیزبەکانیدیکەش دەکەین".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی ١-١٠-٢٠٢٢ی وەک ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاریکرد، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی حیزبەکانەوە نەک ھەر ئەو ڕۆژە نەکرا، بەڵکو پڕۆسەکە بۆ کاتێکی نادیار دواکەوت و لە بەرامبەردا پەرلەمان کە ٦-١١-٢٠٢٢ ماوەی یاسایی کۆتایی ھات، تەمەنی خۆی بۆ ساڵێک درێژکردەوە.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان دەنگیان بە درێژکردنەوەکەداو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دژی وەستانەوەو بایکۆتی پەرلەمانیان کردووەو داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکەن.