وتەبێژی حکومەتی ھەرێم: لە ھەرێمی کوردستانەوە چەک بە قاچاخ ھەناردەی ئێران نەکراوە

19-11-2022 09:13

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ڕەتیدەکاتەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە چەک بە قاچاخ ھەناردەی ئێران کرابێت.

جوتیار عادل لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی ئێران، هەواڵێکیان لەسەر زاری جۆن بوڵتن، کە ئێستا هیچ پۆستێکی حکومی و فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە بڵاو کردووەتەوە کە گوایە چەک لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەیکۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەواڵە بێ بنەمایە ڕەت دەکاتەوە کە چەندین جارە دووبارە دەکرێتەوە".

"حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێک بدرێتو ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە" وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ٤٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون.

خۆپیشاندانەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی سەریانھەڵدا کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە تاران دەستگیرکراو لە دەستبەسەریی پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.