توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی بۆ سەر هەرێم و ڕۆژئاوا ئەنجام دا؛ فەرماندەی هەسەدە هۆشداری دەدات

20-11-2022 09:45
وەزیرى بەرگریى تورکیا لە کاتى سەرپەرشتیى ئۆپەراسیۆنەکە

پەرەگراف

لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە ڕاستەوخۆ وەزیری بەرگریی توركیا سەرپەرشتیی كرد، شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زنجیرەیەك بۆردوومانیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا. فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداری لەبارەی مەترسیی هێرشەكانەوە دەدات و دەڵێت "هێرشەكان تەنیا بە ناوچەكانی ئێمەوە سنووردار نامێنەوە و شەڕ فراوان دەبێت بۆ هەموو شوێنێك".

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، جەختیش دەكاتەوە كە "ئێمە شەڕمان ناوێت و هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئێمەش ئامادەی شەڕین و ڕێوشوێنمان گرتوەتەبەر".

هێرشەكانی شەوی ڕابردوو كە مەزڵووم عەبدی دەڵێت "كاتژمێر 12ی شەو دەستی پێ‌ كردووە"، میدیای پەكەكە بڵاوی كردووەتەوە كە ناوچەكانی "بناری قەندیل، چیای ئاسۆسیان لە باشووری كوردستان و ناوچەكانی كۆبانێ، دێرك، زرگان و شەهبا لە ڕۆژئاوای كوردستان"ی گرتووەتەوە.

هێرشەكانی توركیا بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی خلووسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا، ئەنجام دراون و وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت كە پێگەكانی پەكەكە و یەپەگەی كردووەتە ئامانج.

هەرچەندە وردەكاریی زیانەكان نەزانراون، بەڵام فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت "ژمارەیەك شەهید و بریندارمان هەیە".

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پەیامێكی ڤیدیۆیی لەبارەی هێشەكەوە بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "ئەمشەو لە كاتژمێر ١٢دا لە شەهباوە تا دێرك ڕژێمی توركیا هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دا، بەڵام لە زەمینەوە جموجووڵی سەربازیی سوپای تورك نەبینراوە".

عەبدی وتیشی "دەوڵەتی توركیا لە هێرشەكانیدا جیاوازیی لە نێوان مەدەنی و هێزی سەربازیدا نەكردووە، تەنانەت جیاوازیی لە نێوان هێزەكانمان و هێزەكانی حكومەتی سووریاشدا نەكردووە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە كردەوە كە هێرشەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە تەقینەوەكەی ئیستەنبووڵەوە نییە، بەڵكوو "ساڵێك زیاترە ئامادەكارییان بۆ دەكرێت". تەقینەوەكەشی بە "گەمەیەكی هەواڵگریی توركیا" ناو برد و هۆكارێكیشی بۆ جموجووڵەكانی بەر لە هەڵبژاردنی ئەردۆغان گەڕاندەوە.

"هێرشەكانی ئەمشەو ئیرادەمان ناشكێنێت. ئەوەی دیارە ڕژێمی توركیا شەڕ دەسەپێنێت. ئێمە شەڕمان ناوێت و هەوڵەكانمان بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئێمەش ئامادەی شەڕین و ڕێوشوێنمان گرتووەتە بەر. شەڕەكەش هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن و فراوانیش دەبێتەوە و كاریگەریی لەسەر هەمووان دەبێت"، مەزڵووم عەبدی وا وت.

عەبدی دووپاتی كردەوە كە هێرشەكانی توركیا "هەڕەشەیە لە ئارامیی هەموو ناوچەكە و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییە".